به‌پێی پڕۆژه‌ یاسایه‌ك مووچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ زیاد ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
به‌پێی پڕۆژەیاسایەک كه‌ بۆ ھەموارکردنەوەی مووچەی خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ ئامادە کراوە، دوای پەسەندکردنی پڕۆژه‌كه‌ مووچەی خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێت.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

حیکمەت محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەھۆی یاسای خانەنشینییەوە، ھێزەکانی ناوخۆ لە کاتی خانەنشینیدا مووچەیەکی زۆر کەمیان بۆ دەبڕێتەوە، چونکە مووچەی خانەنشینی لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتیی ھەر فەرمانبەر و کارمەندێکی ناوخۆ دیاری دەکرێت، ئەوەش وای کردووە زۆربەی ئەندامانی ھێزەکانی ناوخۆ لە دوای خانەنشینبوونیان مووچەیەکی کەم وەربگرن".

بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ ئه‌وه‌شی وتووه‌: "پڕۆژەیەک ئامادە کراوە و لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنیی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە، دوای پێداچوونەوە، پڕۆژەیاساکەی رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە".

وه‌ك بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانی باسكردووه‌، "بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەی ئامادە کراوە رەوشی ئابووری و دارایی ھێزەکانی ناوخۆ لەبەرچاو گیراوە و دوای خانەنشینکردنیان مووچەیەکی شایستەیان بۆ دیاری دەکرێت، نەک ئەو مووچە کەمەی ئێستا وەری دەگرن، لەبەر ئەوەش، پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پڕۆژەیە بێتە پەرلەمان و بتوانین بەپێی خزمەت و ئەرکی پیرۆزی ئەو ھێزانە مووچەیان بۆ دیاری بکەین".


AM:09:13:29/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 16808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت