د.ئازاد مستەفا: بە دەمەوەچوونی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا لەئاستی پێویستدا نییە


وێستگه‌ نیوز-
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە رایده‌گه‌یه‌نێت، بەدەمەوەچوونی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا لەئاستی پێویستدا نییە، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات دەبێت حکومەت بیر لەبژاردەی تر بکاتەوە بۆ ناچارکردنی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.

د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە له‌ دیدارێكى رۆژنامه‌وانیدا به‌ ده‌نگى ئه‌مریكاى راگه‌یاند ."بەداخەوە بەدەمەوەچوونی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا لەئاستی پێویستدا نییە، دەشڵێت"بەپێی ئەو دابەشکردنەی کە لە وەزارەتەوە دەکرێت ڤاکسینمان بۆمان هاتووە بەڵام ئەوەندە سەرف نەکراوە کە بڵێین تەواو ببێت ژمارەیەکی زۆری لێماوە، د.ئازاد دەشلێت"دەبێت حکومەت بیر لەبژاردەی تر بکاتەوە بۆ ناچارکردنی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی وڵاتەکەی خۆی بێگومان لەئەگەری ئەوەی هاوڵاتیان نەیەن بەدەم ئەم کارەوە، هەرچەندە ئەگەر بەرپرسانی یەکەمی حکومەت و حیزب ڤاکسین لەخۆیان بدەن و بەکاری بهێنن بێگومان هاندەرێک دەبێت بۆ هاوڵاتییان"

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە وتی" ئێمە لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی پێویست لە ڤاکسینمان پێگەیشتووە لە هەردوو کۆمپانیاکانی ئەسترازینیکا و سینۆفارم کە ئەمانە بۆخۆیان دەتوانن پێداویستی شارەکە پڕبکەنەوە بەڵام بەداخەوە بەدەمەوەچوونی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا کۆڤید 19 لەئاستی پێویستدا نییە و تائێستاش هاوڵاتیان بەگرنگ و بەوەی کە ڤاکسین فریادڕەسی ئەم بارودۆخە بێت بۆئەوەی هەموو کایەکانی ژیان ئاسایی بێتەوە بەهەند وەرنەگیراوە."

د.ئازاد مستەفا باسی لەوەشکرد" گرفتەکە لەوەیە کە لێرەو لەوێ لەچەند سایت و پەیج و ئەو شەپۆلەی سۆشیال میدیا کە بەسەر هەموو کایەکانی ژیاندا هێناویەتی بێگومان کایەی پزیشکیش ئەو کارانەی پزیشکان و کارمەندان دەیکەن لەژیانیاندا و لەناو نەخۆشخانەکاندا ئەمانیش بەدەر نیین وەکو هەر مامەڵەیەک و وەکو هەر کایەکی ئاسایی ژیان هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت یاخود لێی بڕوانرێت سۆشیال میدیاش کاریگەری هەیە بەداخەوە کاریگەریەکەی نەرێنییە سەبارەت بەڤاکسین لەمکاتەدا، ئەگەر تێبینیەکیش تائێستاش پشتڕاست نەکرابێتەوە یاخود لێرەولەوێ ماکێکی درێژخایەنی پێکوتەکان هەبێت لەسەر چەند کەسانێک یاخود لەچەند وڵاتێک تۆمارکرابێت خۆ پێکوتەی تر هەیە بۆنموونە جۆری تر و بژاردەی تر هەیە کە هاوڵاتیان بەکاریبهێنن بەڵام من سەبارەت پارێزگای هەڵەبجە قسەدەکەم نەخێر ئەو بەدەمەوەچوونە نییە هۆکارەکەشی ئەو تەوژمی سۆشیال میدیایە کە ڕاست و چەپ بەبێ هیچ زانیارییەک و هیچ ئەزموونێک دەتوانێت لە سۆشیال میدیادا ئەو ڕقەی بەرامبەر دەسەڵات هەیەتی و ئەو ڕقەی بەرامبەر کەسایەتیەکان و بەرامبەر هەرجۆرێک لەجۆرەکان بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک هەیەتی بەرامبەر خەڵکەکە دەتوانێت دەیڕێژێت و خەڵکانی تریش گوێی لێدەگرن."

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕەتیکردەوە هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی توند لەسەر ئەو کەسانە دەرکەوتبێت کەڤاکسینی دژ بەکۆرۆنایان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە وەرگرتووە لەو ڕوەوە وتی" نەخێر من خۆم وەرمگرتووە و نیشانەی زۆر ئاسایی، سەرەتایی توشبوون بە هەڵامەت یاخود توشبوون بە نەخۆشیەکانی ڕێڕەوی هەناسە کە هەموو زستانێک پێش ئەوەی کە کۆرۆنا ببێتە پرسی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لەهەموو ساڵێک پەتایەک لە پەتاکان لە ئەنفلۆنزا لە هەڵامەت لەهەرشێوەیەک لە شێوەکان هەموو هاوڵاتیەک گرتوویەتی، لەوەرگرتنی ڤاکسینەکە هەندێک تووشی ئەو نیشانانە دەبن بەڵام زۆر ئاساییەو نابێتە هۆی مەترسی لە ژیانیان بەڵام بەگشتی لەهەموو نەشتەرگەریەکدا، لەهەموو دەستێوەردانێکی پزیشکیدا ئەگەری ماک، ئەگەری (Complication) هەیە لەوەی کە ئەگەری هەیە ئەوکەسەی ئەوجۆرە نەشتەرگەریەی بۆدەکرێت یاخود ئەوجۆرە دەرمانە وەردەگرێت هەڵنەستێتەوە پاش ئەوەی دەرمانی بێهۆشکاری وەردەگرێت و نەشتەرگەری بۆدەکرێت لەوانەیە هەڵنەستێتەوە لەو بەنجە بەزمانی گشتی بەڵام ئەمە لەملیۆنان یان لە هەزاران چەند کەسێکی دیاریکراوە یا هەر ئەو ڤاکسینەی کە وەردەگیرێت بۆ ئیفلیجی مناڵان هەندێک لەو ژمارانەی کە هاوشێوەی ئەم ژمارانەیە کە ڤاکسینی کۆرۆنا ماکی هەیە ئەویش هەیەتی بەڵام لەبەرئەوەی هەموو سەرنجەکان لەسەر کۆرۆنایە بەڵێ بێگومان ئەو شتانەی ڕوودەدەن ئەگەر بچووک بن گەورە دەکرێن بە زەڕەبین سەیردەکرێن."

د.ئازاد مستەفا ئاماژەی بەڕێژەی ئەو ڤاکسینەکرد کەگەیشتۆتە پارێزگای هەڵەبجە لەوڕوەوە دەڵێت" بێگومان بەپێی ڕێژەی دانیشتوان بۆمان هاتووە بەپێی ئەو دابەشکردنەی کە لە وەزارەتەوە دەکرێت ڤاکسینمان بۆ هاتووە بەڵام ئەوەندە سەرف نەکراوە کە بڵێن تەواو ببێت ژمارەیەکی زۆری لێماوە بۆیە هیچ لێکدانەوەیەکم نییە بۆ ئەو بارودۆخە لەئێستادا."

سەبارەت بە بوونی ڤاکسینی فایزەر لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگاکە وتی" ئێستا جۆرێکی تر هاتووە بەڵام لەبەرئەوەی پارێزگای هەڵەبجە وەکو سەنتەرێک لە کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی لەبەرئەوەی کە خۆیان بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو ئەو جۆرە ڤاکسینە دەهێنن و شوێنی هەڵگرتنی ڤاکسینەکە دیاریدەکەن تەنانەت کەسەکانیش بەپێی ئەولەویەتی مەترسیان بۆ کۆرۆنا دیاریدەکرێن بەڵام من گومانیشم نییە ئەگەر ئەو جۆرە ڤاکسنە و ئەو سەنتەرش لە پارێزگای هەڵەبجە بکەینەوە هاوڵاتیان لەوانەیە بەدەمەوە هاتنیان نەبێت مەگەر لەوەی کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕیش سپیان و مامۆستایانی ئاینی و ئەو کەسانەی لەناو کۆمەڵگەدا قسەیان هەیە قسەی جددی بکەن لەسەر ئەم پرسە یاخود حکومەت ڕێکاری تر بگرێتەبەر بۆئەوەی هاوڵاتیان ناچاربکات لەوەی کە خواستیان هەبێت و ڤاکسین وەربگرن بۆنموونە سەفەرکردن بۆ هەرجۆرێک لەجۆرەکان تێکەڵاویی بوون لەشوێنە گشتیەکان ڤاکسین وەکو کارتێک یاخود کارتی پێکوتەی ڤاکسینیان پێبێت پاشان ڕێگە بدرێت بەسەفەرکردن."

بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە هاوڵاتییان لەلایەن حکومەتەوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا ناچاربکرێن، وتی" بێگومان لەئەگەری ئەوەی هاوڵاتیان نەیەن بەدەم ئەم کارەوە و ئەو کەسانەشی سومبولن لەناو خەڵکدا قسەی ئەوانیش نەخوات بەهیچ جۆرێک لەجۆرەکان ئەگەر هیچ بژاردەیەک نەبێت بێگومان دەبێت حکومەت بیر لەبژاردەی تر بکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی وڵاتەکەی خۆی، ئێستا حکومەتە مولزەمە بەپاراستنی ئاسایشی تەندروستی وڵاتەکە بۆیە نابێت سڵ لەهیچ جۆرە ڕێکارێک بکاتەوە کە بیگرێتەبەر بەرامبەر هاوڵاتیان بۆئەوەی ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان و وڵاتەکەمان بەگشتی و کۆمەڵگەکەمان بپارێزێت."

د.ئازاد مستەفا ئةوەشی وت" ئەگەر کەسە یەکەمەکانی حیزب و لایەن و حکومەت ڤاکسین لەخۆیان بدەن و بەکاری بهێنن بێگومان ئەمەش هاندەرێک دەبێت بۆ هاوڵاتییان، هەرچەندە من بۆخۆم خۆم وابەستە ناکەم بەوەی کەسێک ڤاکسین لەخۆی بدات ئینجا لەخۆمی بدەم ئەوە هەستی ڕۆشنبیری تاکەکانە دەتوانێت ئەو باڵانسە لەمیشکی یان ئەو کارانەی دەیکات بەبیرکردنەوەکانی بڕیاری لەسەر بدات هیچ پێویست ناکات کەسێک بکەمە ئەوەی کە من بەجێی پێکانی ئەودا بڕۆم، بێگومان ئەگەر بەرپرسانی یەکەمی حکومەت و حیزب هەموویان لەخۆیان بدەن و بەکاری بهێنن بێگومان ئەمە هاندەرێک دەبێت بەڵام ئەگەر بەکاری نەهێنن هاوڵاتیان نابێت دەستەوەستان بن لەوەی کەسانێکی تر نەبێت بیریان بۆبکاتەوە یاخود خۆیان بیر بۆخۆیان بکەنەوە.


AM:11:19:23/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 5264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو