هەشت ئەندامی خێزانێک لە مزگەوتێکی ئەفغانستاندا دەکوژرێن


وێستگه‌ نیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە بەرپرسانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە کە هەشت ئەندامی یەک خێزان لە هێرشێکی چەکداریدا لەنێو مزگەوتێکدا لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون. 
 
رووداوی تەقەکردنەکە شەوی شەممە لە شاری جەلالئابادی سەر بە پارێزگای نەنگەرهار روویداوە. زەیولحەق ئەمەرخیل، پارێزگاری نەنگەرهاریش دەڵێت، وا پێدەچێت تەقەکردنەکە بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە بووبێت. 
 
ئەو کەسانەی کوژراون پێنجیان بران و سیانەکەی دیکەیشیان ئامۆزایانن. بە وتەی زەیولحەق، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان وا دەردەکەوێت، بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە رووداوەکە روویدابێت. 
 
فەریدخان، وتەبێژێکی پۆلیسی نەنگەرهار رووداوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام زانیاریی زیاتری باس نەکردووە. 
 
وەکو زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکانی دیکە، موسڵمانانی ئەفغانستان لە مانگی رەمەزاندا شەوانە بۆ نوێژ و تەراویح لە مزگەوتەکان کۆدەبنەوە. بەپێی زانیارییەکانیش تەقەکردنەکە لە کاتژمێر 09:00ـی شەو بەکاتی ناوخۆیی ئەفغانستان بووە. باوکی ئەو کوڕانەی کە کوژراون ناوی حاجی عەبدولوەهابە. 
 
شەڕ و پێکدادان لە ئەفغانستان لەسەر کێشەی زەویوزار کێشەیەکی باوە و هەندێکجار کێشەکە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبێت و بۆ نەوەکانی دواتری خێزانەکان دەگوازرێتەوە. 

لە مانگی نیسانی ساڵی 2020ـیشدا لە هەمان پارێزگای ئەفغانستان، لەسەر کێشەی زەویوزار شەش کەس کوژران و لانی کەم 20 کەسی دیکەش برینداربوون. کێشەی زەویوزارەکەش بۆ چەندین ساڵ بوو بەردەوام بوو.
 
نەنگەرهار کە پێگەی سەرەکیی تاڵیبان و داعشیش بووە، خاوەنی زەویوزارێکی بەپیتە و یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی وڵاتەکە بۆ کشتوکاڵ.


PM:03:04:18/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 7084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت