مەسرور بارزانی: لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان شەڕی تیرۆریزم دەکەین

‌مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەڵامی راگەیاندراوەکەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دایەوە و رایگەیاند، "ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە کە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی هەموو خەڵکی عیراق و سەرکەوتنە لە شەڕی دژ بە داعش".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەڵامی راگەیاندراوەکەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دایەوە و تیایدا هاتووە، "پێشوازی لە هەڵوێستی دۆست و هاوبەشانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەم کە بە کۆی دەنگ سەرکۆنەی هێرشی ئەم دواییەی هەولێریان کرد، ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە کە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی هەموو خەڵکی عێراق و سەرکەوتنە لە شەڕی دژ بە داعش".

ئەوەش لە کاتێکدایە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "‎ئێمە، حکومەتەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە توندترین شێوە ئیدانەی ھێرشەکانی 14ی ئەم مانگە دەکەین کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدران".

ئاماژە بەوەشكراوە، "پێکەوە لە رێی حکومەتەکانمانەوە پشتیوانی لە لێکۆلینەوەکانی حکومەتی عیراق دەکەین لە بارەی ھێرشەکان بۆ دڵنییایدان کە ئەوانەی ھێرشەکانیان ئەنجامداوە بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر کارەکانیاندا، ئێمە لە تێروانینمان یەکگرتووین لەسەر ئەوەی کە ھێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان و دامودەزگاکان قبوڵ ناکرێت و دووبارە جەخت لە پابەندبوونی نەگۆری خۆمان لە جەنگان دژی داعش دەکەینەوە".

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لەرێگەی فرۆکەی بیفرۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر.

تا ئێستا هیچ لایەنیک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی هەولێر رانەگەیاندووە.

رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی 12ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێم دانپێدانانی‌ چەند کەسێکی‌ بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبی‌ چێنراو و دەمانچەی‌ بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه".

مەسرور بارزانی، باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە  بە ھەند وەربگرن".


PM:10:13:16/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت