کۆمسیۆن لەبارەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لەیەک کاتدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند


وێستگەنیوز-

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆن بەردەوامە لەئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان کەبڕیارە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، جەختیش دەکاتەوە  بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لەیەک کاتدا پێویستی بە لایەنی دارایی و تەکنیکی هەیە و کارێکی ئاسان نیە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، کۆمسیۆن لە قۆناغی تەواوکاریدایە بۆ ئامادەکاری پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمان، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پرس و راوێژی پێگەیشتووە لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بەلایەنی "تەکنیکی و لایەنی دارایی هەیە چونکە ئاسان نییە " .

ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمسیۆن لە قۆناغەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان، دابەشکردنی کارتی دەنگدەران، پێشوازی لە لیستی کاندیدەکان، تۆمارکردنی هاوپەیمانی سیاسی و حزبەکان بەرەو کۆتاییهێنانی پرۆسەکە هەنگاو دەنێت و لەئێستادا سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی  25 ملیۆن و 139 هەزار و 375 دەنگدەرە بۆ ئەوەی ناویان بخرێتە ناو سیستەمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە تۆماری دەنگدان.

وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەوەشی خستوەتەڕو، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، 75 بانگهێشتنامە بۆ باڵیۆزخانەی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رەوانەکراوە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.


PM:03:27:16/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 5200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت