ئێران لەبارەی گفتوگۆکانی ڤییەننا و پرسی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی رونکردنەوە دەدات


وێستگەنیوز-

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆکانی لیژنەی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی کە ماوەی چەند رۆژێکە لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچێت "زۆر جدی و قورسن"  و تاران بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی و لابردنی سزاکان هەڵوێستی نەگۆڕە.

عەباس عێراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، وڵاتەکەی ناتوانێت تەقینەوەکەی بنکەی نەتەنزی ئەتۆمی لەکاتی گفتوگۆکاندا لەبەرچاو نەگرێت و داوای لەئەندامانی بەشدار لەگتفوگۆکان کردوە ئیدانەی تەقینەوەکە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، گفتوگۆکانی ئێران و وڵاتانی 4+1 بەردەوامی هەیە و ئەوان ئومێدەوارن گفتوگۆی راستەقینە بەڕێوەبچێت و هەردوولا بگەنە رێککەوتنێک کە لەکەمترین ماوەدا دەرئەنجامەکانی بە کرداری دەربکەون.

لەئێستادا بەبێ بەشداریکردنی ئەمریکا، ئێران و وڵاتانی 4+1 سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لابردنی سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە لەڤییەننا لەکۆبوونەوەدان و تائێستا کۆبوونەوەکانیان هیچ رێککەوتنێکی نوێی لێ بەرهەمنەهاتووە.


AM:08:59:16/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت