زێڕنگەرێک بۆ وێستگەنیوز: نرخی زێڕ دابەزینێکی گەورەی تۆمارکردووە و ئێستا دەرفەتە بۆ کڕین

‌

وێستگەنیوز-

زێڕنگەرێک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ئاشکرای دەکات، نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە بە جۆرێک لە مسقاڵێکدا تا 50 هەزار دینار هاتۆتە خوارەوە، بەوهۆیەوە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ کڕین و داواش لە هاوڵاتییان دەکات بە پەلە پەنا بۆ فرۆشتنی زێڕەکانیان نەبەن.


دانا سەیدا، کە پیشەی زێڕنگەرە، ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی ئابی 2026، لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ وێستگەنیوز رایگەیاند: "بەراورد بە هەفتەی پێشوو، یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 نزیکەی 40 بۆ 50 هەزار دینار دابەزیوە، هاوکات نرخی لیرەیەک بە لایەنی کەمەوە 30 بۆ 40 دۆلار دابەزینی بەخۆوە بینیوە و لە یەک کیلۆگرام زێڕیشدا دابەزینەکە گەیشتووەتە 10 هەزار دۆلار، کە ئەمەش دابەزینێکی زۆرە بۆ بازاڕ".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لە بازاڕدا نرخی فرۆشتنی لیرەی دوبەی 839 بۆ 840 دۆلارە و نرخی کڕینەوەشی 835 دۆلارە؛ هەروەها سەبیکەی 1000 گرامی عەیار 999 (لە جۆری پاڵم) لە بازاڕدا بە 1630 دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا لە رۆژانی پێشوودا گەیشتبووە 1970 دۆلار.

سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە، ئەو زێڕنگەرە روونیکردەوە کە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەگەری دروستبوونی شەڕ، کاریگەرییان لەسەر دابەزینی ئۆنسی زێڕ دروستکردووە.

دەشڵێت: "ئەم دابەزینە وایکردووە خواستێکی زۆر لەسەر زێڕ (چ بۆ جوانکاری بێت، لیرە یان سەبیکە) دروست ببێت، ئەو کەسانەی پێشتر لەبەر گرانی نەیانتوانیبوو بیکڕن، یان ئەوانەی پێشتر بە نرخێکی بەرز فرۆشتبوویان، ئێستا روویان لە بازاڕ کردووە بۆ کڕین، چونکە زێڕ لەم ئاستە نزمەدا نامێنێتەوە و باوەڕیش ناکەم دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ وێستگەنیوز، دانا سەیدا جەختی لەوە کردەوە کە زێڕ باشترین پەناگەیە بۆ پاراستنی سەرمایە و وتی: "ئەگەر کەسێک پارەی زیادەی لەبەردەستدا بێت کە کاری پێی نەبێت، کڕینی زێڕ لە هەموو شتێک باشترە. هاوکات هیوادارم هاوڵاتییان بە هەڵەشەیی مامەڵە نەکەن و یەکسەر زێڕەکانیان نەفرۆشن تا تووشی زیان نەبن؛ پێویستە کەمێک دان بەخۆیاندا بگرن چونکە لە دوای هەر دابەزینێکی خێرای لەم شێوەیە، بەرزبوونەوەیەکی مامناوەند بەدوای خۆیدا دەهێنێت".


PM:03:16:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت