نرخی زێڕ لە جیهان و هەرێمی کوردستان بە خێرایی دابەزی

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026، بەهای زێڕ لە بازاڕە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا دابەزینێکی کتوپڕی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک لە بۆرسەی جیهانی نرخی هەر ئۆنسەیەک زیاتر لە 115 دۆلار لە بەهاکەی لەدەستدا، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری کردە سەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و نرخی هەر مسقاڵێک نزیکەی 30 هەزار دینار دابەزی.


لە مامەڵەکانی ئەمڕۆی بۆرسەی جیهانیدا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ کە پێشتر لە ئاستی 3,992 دۆلاردا بوو، بە رێژەی 0.67% دابەزی و لە نێوان 3,890 بۆ 3,900 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ بۆ 128 هەزار و 329 دۆلار دابەزی و یەک کیلۆ زیویش لە هەرێمی کوردستان هاتە خوار 1,700 دۆلار. بەهۆی ئەم دابەزینە بەردەوامەی دوو مانگی رابردووشەوە، شارەزایانی کانزا زەردەکە پێشبینییەکانیان بۆ کۆتایی ئەمساڵ لە 4,700 دۆلارەوە بۆ 4,495 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک کەمکردووەتەوە.

لەبارەی هۆکارە جیهانییەکانی ئەم دابەزینە، تیم واتەر، گەورە شیکەرەوەی بازاڕ لە دامەزراوەی "کەی سی ئێم ترەید" ئاماژە بەوە دەکات، دابەزینی نرخەکە پرسیاری جدی لەسەر ئاستی پاڵپشتی تەکنیکی لە دەوروبەری 4,000 دۆلار دروست کردووە کە لە رابردوودا رێگری لە توندبوونی دابەزینەکان دەکرد. هاوکات خێرابوونی تێکڕای هەڵئاوسان لە ئەمریکا لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا بەهۆی گرانیی سوتەمەنی، پێشبینییەکانی بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەهێزتر کردووە.

لای خۆشیەوە، دکتۆر مستەفا مەلا حەسەن، شارەزای ئابووری روونیکردەوە کە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، قازانجی بۆندەکانی حکومەتی ئەمریکا، مانەوەی نرخی نەوت بە بەرزی، ترسی شەڕ و پێشهاتە سیاسییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانن. ناوبراو پێشبینیشی کرد ئەگەر هەیە ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 3,860 دۆلاریش دابەزێت و بۆ هەفتەی داهاتووش دابەزینی زیاتر تۆمار بکات.

لە بازاڕەکانی هەرێمیش نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە دابەزین کرد؛ هەندرێن وەرتی، وتەبێژی بازاڕی زێڕەنگەرانی هەولێر رایگەیاند: "نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 929 هەزار دینار دابەزی، لە کاتێکدا دوێنێ بە 959 هەزار دینار بوو". وتەبێژەکەی بازاڕی هەولێر هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 118 دۆلار و بەردەوامیی گرژییەکانی گەرووی هورمز گەڕاندەوە.

نرخی مسقاڵەکانی زێڕ لە بازاڕی هەولێر بەم شێوەیە جێگیر بوو:
عەیار 24: 1 ملیۆن و 62 هەزار دینار.
عەیار 22: 973 هەزار دینار.
عەیار 21: 929 هەزار دینار.
عەیار 18: 797 هەزار دینار.

هاوکات لە بازاڕی سلێمانی، سۆکار ئازاد، زێڕەنگەر رایگەیاند کە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 959 هەزار دینارەوە بۆ 931 هەزار دینار دابەزیوە و وتیشی: "بەهۆی ئەوەی هاوڵاتییان پێشبینی دابەزینی زیاتر دەکەن، بەشێکی بەرچاویان روویان لە فرۆشتنی زێڕەکانیان کردووە".


PM:08:46:30/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت