داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بە رێژەی زیاتر لە 43% کەمی کردووە

‌

وێستگەنیوز-

بەپێی نوێترین ئامارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی پێشوو دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە رێژەی زیاتر لە 43% کەمی کردووە.


ماڵپەڕی شەفافیەت کە تایبەتە بە چاودێری و رێکخستنی داهاتە نانەوتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویکردووەتەوە، کۆی داهاتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی 3ی 10 تا 9ی 10ی 2026، گەیشتووەتە زیاتر لە 7 ملیار و 950 ملیۆن و 743 هەزار دینار (نزیکەی 8 ملیار دینار).

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، لە کۆی ئەو بڕە پارەیە، 84%ـی بە شێوەی نەختینە و 16%ـی بە شێوەی چەک بووە، لە کاتێکدا مەقاسە سفر بووە.

لە بەراوردکارییەکیشدا ماڵپەڕەکە ئاشکرای کردووە، داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی لەچاو هەفتەی رابردوو بە بڕی زیاتر لە 6 ملیار دینار و بە رێژەی زیاتر لە 43.22% رووی لە کەمبوونەوە کردووە.


AM:10:46:09/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت