داهاتی مانگانەی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکی بڕی 11 ملیار دینار زیادی کردووە


وێستگەنیوز-

بەپێی نوێترین ئامارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ داهاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، داهاتی یەک مانگی رابردووی سنوورەکە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بە رێژەی 24.6% زیادی کردووە.


بەپێی داتاکان، داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە یەک مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 55 ملیار و 406 ملیۆن و 27 هەزار دینار، ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی مانگی پێشتر بڕی 44 ملیار و 439 ملیۆن و 746 هەزار دینار بووە، بەمەش داهاتی کۆکراوەی ئەم مانگە بە بڕی 10 ملیار و 966 ملیۆن دینار زیادی کردووە.

سەبارەت بە ئاماری یەک هەفتەی رابردوو، لە رێکەوتی 25 بۆ 31ی تەمووزی 2026، بڕی 13 ملیار و 595 ملیۆن و 796 هەزار دینار کۆکراوەتەوە. هەرچەندە ئەم بڕە بەراورد بە هەفتەی پێشتر کە 13 ملیار و 623 ملیۆن دینار بووە، کەمبوونەوەیەکی کەمی نیشانداوە، بەڵام تێکڕای داهاتی مانگانەکە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

ئەم داهاتانە سەرجەمیان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینەی جیاواز لە (سلێمانی، گەرمیان، راپەرین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە، ماڵپەڕی شەفافیەت بە شێوەیەکی رۆژانە وردەکاری کۆکردنەوەی داهاتەکان بڵاودەکاتەوە بە مەبەستی چاودێریکردنی جوڵە داراییەکانی ئەو سنوورە.


AM:11:53:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت