وەزارەتی دارایی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و دامەزراوانی نوێی بۆ مانگی 6 خەرج کرد


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی نوێی سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 6 (حوزەیران)ی چەند توێژێکی فەرمانبەران بڵاوکردەوە.


بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمووزی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت.

هەروەها وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هاوکات لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەست، مووچەی مانگی 6ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لە دوای 1ی تەمووزی 2024ـەوە بە شێوەی (گرێبەست و هەمیشەیی) دامەزراون. تەواوی شایستە داراییەکانی ئەم فەرمانبەرە نوێیانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا 86,791 فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن، کە لەو ژمارەیە نزیکەی 38,000 کەسیان مامۆستان و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.


AM:09:30:26/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت