وڵاتانی ئۆپێک پشکی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەن
وێستگەنیوز-
وڵاتانی ئەندام لە "ئۆپێك
پڵەس" سەرقاڵی گفتوگۆن تا بۆجاری سێیەم لەدوای داخستنی گەرووی هورمز پشکی بەرهەمهێنانی
نەوت زیاد بکەن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە
زاری چەند سەرچاوەی ئاگادار ئەمڕۆ 3ی ئایار بڵاویکردەوە کە ئۆپێك پڵەس لە لێواری ڕێککەوتندایە
بۆ زیادکردنێکی سنوورداری پشکی بەرهەمهێنانی نەوت.
بەپێی هەواڵەکە حەوت وڵاتی ئەندام
لە ئۆپێك پڵەس لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی حوزەیراندا
نزیکەی 188 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکەن. ئەمەش
سێیەم زیادکردنی مانگانەی یەک لەدوای یەکە لە پشکی بەرهەمهێنانی ئەم گرووپە لەو
کاتەوەی تەنگەی هورمز داخراوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هەفتەی
ڕابردوو ئیمارات لە ڕێکخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس کشایەوە. سەرچاوەکان دەڵێن
زیادکردنە نوێیەکە بە شێوەیەک ڕێکدەخرێت کە پشکی ئیمارات لە هەژمارکردنەکان لادەبرێت.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری وڵاتانی
(سعودی، عێراق، کوێت، جەزائیر، کازاخستان، ڕوسیا و عومان) بەڕێوەدەچێت. دوای کشانەوەی
ئیمارات، ئۆپێك پڵەس ئێستا خاوەنی 21 ئەندامە (بە ئێرانیشەوە).
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کە
لە 28ی شوبات دەستی پێکرد، لەگەڵ داخستنی تەنگەی هورمز بەدوای خۆیدا، هەناردەی نەوتی
وڵاتانی سعودیە، عێراق، کوێت و ئیماراتی بە توندی سنووردار کردووە.
بەڕێوەبەرانی نەوت لە کەنداو
و بازرگانانی جیهانی دەڵێن تا کاتی کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، زیادکردنی
پشکی بەرهەمهێنان زیاتر لایەنێکی سیمبوولی هەیە؛ چونکە تەنانەت دوای کردنەوەی ڕێگەکەش،
چەندین هەفتە یان مانگی پێویستە تاوەکو هەناردەکردن ئاسایی ببێتەوە.
AM:11:58:03/05/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت