هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ ده‌روازه‌ی ره‌بیعه‌وه‌ بۆ سوریا ده‌ستیپێكرد


وێستگەنیوز-

دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ڕۆژی هەینی، ڕایگەیاند کە یەکەمین پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ڕەبیعە لەگەڵ سوریا دەستیپێکردووە، ئەوەش بە ناردنی یەکەمین کاروانی 70 تانکەر بەرەو بازاڕە هەرێمییەکان.

عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ یەکەمین پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ڕەبیعەوە دەستیپێکرد، کە تێیدا وەک قۆناغی یەکەم 70 تانکەری پڕ لە نەوت بەرەو سوریا بەڕێکران و ژمارەکەش شیاوی زیادکردنە. ئەمەش بەپێی ڕێکارە ڕێکخراوەیی و ئەمنییە پەسەندکراوەکان و لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا."

وائیلی جەختی کردەوە کە "ئەم هەنگاوە دەسپێکێکە بۆ کاراکردنی دەروازەی ڕەبیعە وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، کە ئەمەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەروازەکانی دیکە و هەمەجۆرکردنی کەناڵەکانی بەبازاڕکردن، جگە لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و زیادکردنی داهات."

ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی ئاراستەکانی حکومەتدایە بۆ بەرزکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان و کاراکردنی ڕۆڵی دەروازە سنوورییەکان وەک جومگەی ئابووریی کاریگەر، هەروەها بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاسانکاری بۆ جووڵەی بازرگانی بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.


PM:05:44:01/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت