ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كه‌وته هه‌فته‌ی داهاتوو
وێستگه‌نیوز، له‌نیا به‌ختیار-
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه به‌هۆی دره‌نگ ئه‌نجامدانی یه‌ك دوو رێكار و ته‌واوبوونی ده‌وامه‌وه، ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كه‌وته هه‌فته‌ی داهاتوو.
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به وێستگه‌نیوزی وت: "ئه‌مڕۆ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق واژۆی له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كوردستان كرد".
وتیشی: "به‌ڵام به‌هۆی یه‌ك دوو رێكار له مامه‌ڵه‌كه‌دا و ته‌واوبوونی ده‌وامی فه‌رمی، ناردنی مووچ دواكه‌وت بۆ رۆژی یه‌كشه‌ممه 31ی ئاب".
هه‌رچه‌نده رۆژی سێشه‌ممه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاری دا دوای ناردنی بڕی 120 ملیاری داهاتی نانه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌غدا، ده‌ست بكرێت به ناردنی مووچه‌ی مانگی حوزه‌یرانی رابردووی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه حكومه‌تی هه‌رێم 120 ملیار دیناره‌كه‌ی راده‌ستی به‌غدا كرد.
له‌وباره‌وه وه‌زاره‌تی دارایی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "رۆژی پێنجشه‌ممه (28ی ئابی 2025 ) داهاتی نانه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی (2025) كه بڕه‌كه‌ی (120،000،000،000) سه‌دو بیست ملیار دیناره، به‌شێوه‌ی كاش خرایه سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ له‌لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی عێراق".
PM:04:18:28/08/2025
ئه‌م بابه‌ته 1524
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت