بەهای دۆلار زیاتر دابەزی و راوێژکاری سوودانی روونکردنەوە لەو بارەیەوە دەدات


وێستگەنیوز_

لە ماوەی سەرەتای ساڵی 2025ـدا، بەهای دۆلار دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی و راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو پلانە ستراتیژییەی کە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە جێبەجێدەکرێت بە هاوکاری لەگەڵ بانکەکان، بووەتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار.

ئەمرۆ یەکشەممە 11ـی ئاداری 2025، نرخی دۆلار دابەزینێکی نوێی تۆمارکرد و لە ئێستادا 100 دۆلار بە فرۆشتن، 142 هەزار و 150 دینارە و نرخی کڕینیش، 141 هەزار و 900 دینارە، لەکاتێکدا دوێنێ شەممە، بەهای 100 دۆلار بەرامبەربوو بە 142 هەزار و 650 دینار.

لەو بارەیەوە، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کەمبوونەوەی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕ و نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی هاوتەریب (رەش)، یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی سەرکەوتنی پلانی ستراتیژیی بانکی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پلانە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی بازاڕی دراو، ئەمەش سوودی کاریگەری هەیە و فاکتەرێکی سەرەکیشە بۆ بەهێزبوونی دیناری عێراقی، بۆ باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی.

بە وتەی راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانکی ناوەندیی سەرکەوتوو بووە لە دامەزراندنی سیستمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنی، بۆ لێکۆڵینەوە لە گواستنەوە و کارەکانی بانک بە دراوی بیانی، ئەم رێگەیە چەندین قۆناغی تێپەڕاندووە و کاریگەریی بەرچاوی دروستکردووە لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار.

دەشڵێت: ئەم رێوشوێنانە لە چوارچێوەی پلانی بانکی ناوەندییە بۆ چاکسازی لە سیستمی دارایی و بانکی، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش، پێویستی بە هاوکاری و پابەندبوونی بەردەوام هەیە لە نێوان بانکی ناوەندی و بانکە نیشتمانییەکان.


PM:04:18:11/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 4104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت