دانەگاز: لەمساڵدا 13% قازانجی کۆمپانیاکەمان زیادی کردووە
وێستگەنیوز_
کۆمپانیای دانە گاز ڕایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 13% قازانجی داراییان زیادی کردووە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 8ـی 5ـی 2025، کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی کە وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، قازانجی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، گەیشتووەتە 43 ملیۆن دۆلار و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو، 13% زیادی کردووە، بەوپێیەی بڕی داهاتەکە لە چارەکی ساڵی ڕابردوو، 38 ملیۆن دۆلار بوو.
باسی لەوەش کردووە، زیادبوونی قازانجەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی فرۆشتنی غاز لە میسر و کەمبوونەوەی خەرجییەکان و تێچووی دارایی دەگەڕێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی، جگە لە هەرێمی کوردستان، دانە گاز لە میسریش گاز بەرهەم دەهێنێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "کۆمپانیای دانە گاز لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2025ـدا، ئاستی بەرهەمهێنانی بەهێزی لە هەرێمی کوردستان پاراستووە و لە مانگی ئادار، کۆی گشتیی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی کۆرمۆر، 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە.
هاوکات، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی گاز لەو کێڵگەیە گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێ سێجا کە بەراورد بە ساڵی 2017، ڕێژەکە 75% زیادی کردووە و پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی 75%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات."
پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە KM250 ناسراوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت یەکەم بڕە گازی ئەو پرۆژەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا بەرهەم بێت.
بەپێی دانەگاز، دوای ئەوەی ئەو پڕۆژەیە تەواوکرا، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە 50٪ بەرز دەکاتەوە و 250 ملیۆن پێی سێجا لە توانای کێڵگەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات.
AM:11:37:08/05/2025
ئهم بابهته 456
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت