روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بارەی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژە هەواڵی پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی عێراق رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بەناوی (وەزیرە ئەحمەد سورچی) بابەتێکی لەسەر خەرجکردنی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژەی تێکەڵاو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە بڕی ( ١،٠٧٥،٩٢٦،٠٠٠ ) یەک ملیار و حەفتا و پێنج ملیۆن و نۆسەد و بیست و شەش هەزار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە بۆ هەرێم خەرج کراوە ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە".
ئاماژە بەوەکراوە، هەرچەندە پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی پێویستمان داوە، بەڵام لە پێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان و بەلاڕێدا نەبردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
١- ئاماژە بەنووسراوی ژمارە ( ١٩٠٦٧٧ ) کە لە ( ٢٠٢٤/١٠/٨ ) لەفەرمانگەی بوودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو (المناقلە) بەبڕی ( ٩،٠٩٠،٧٦٥،٠٠٠ ) نۆ ملیار و نەوەد ملیۆن و حەوتسەد و شەست و پێنج هەزار دینار لە نێوان (موازنة ألأبواب) ( ٤٠/٩/٥ ) لە فەرمانگەی بوودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لە سەرتاسەری عێراق.
٢- پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە ( ١،٠٧٨،٢٩٤،٠٠٠ ) یەک ملیار و حەفتا و هەشت ملیۆن و دووسەد و نەوەد و چوار هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە ( پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتووچۆ و خەرجی هاتووچۆ ).
٣- پێویستە ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی بەئاگابێنەوە تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، دوای بەدواداچوونی بەردەوامی تیمی تەکنیکیمان لەبەغدا، لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە ئەو پارەیە لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠٢٥ خەرج دەکرێت.
٤- وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی تەندروستی تا بەسەر تیمەکان دابەش بکرێت.
PM:05:37:27/03/2025
ئهم بابهته 2532
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت