هادی عامری: كێشه‌ی مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بێت


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی به‌در رایگه‌یاند كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك نییه‌، ده‌شڵێت: "دڵنیایی ده‌ده‌ین كێشه‌ی مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بێت".

هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا  دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌ی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی عێراق هه‌مووارێكی په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ هه‌موواری بوودجه‌یه‌".

وتی: "وه‌كو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی یاسای بوودجه‌ بۆ ساڵی 2023،2024،2025 ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ كه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان 8 دۆلار بووه‌ له‌ ساڵی 2023، به‌ڵام برایانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان وتیان ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌مه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ حكومه‌تی فیدراڵ بڕه‌كه‌ی هه‌مووار كردووه‌ته‌وه‌، پێم وایه‌ ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت و له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی پێده‌درێت".

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نییه‌ و نابێت كێشه‌ دروست بكرێت، كێشه‌یه‌ك له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی نابینین".

وتیشی‌" "حكومه‌تی فیدراڵی ڕژده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌، ئێمه‌ به‌رپرسیارین له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌".

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح راشیگه‌یاند كه‌ "بەمزووانە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەردەکرێت".


PM:09:11:13/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو