دارایی عێراق: مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانمان ناردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ دابه‌شكردنی به‌شێوه‌ی‌ مانگانه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق رایگه‌یاند كه‌ هاوشێوه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ عێراق، مانگانه‌ مووچه‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان ناردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ دابه‌شكردنی به‌شێوه‌ی‌ مانگانه‌، ده‌شڵێت: "دواكه‌وتنی‌ ناردنی‌ مووچه‌ به‌هۆی‌ پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ ته‌وتینكردنی‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم".


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پابه‌ندبوونی خۆی به‌ به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی بودجه‌ی گشتی فیدراڵی ژماره‌ 13ی ساڵی 2023 و په‌رۆشی به‌رده‌وامی بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بۆ هه‌موو گه‌لی عێراق له‌ دابینكردنی دارایی ئه‌و ته‌رخانكردنانه‌ی كه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵیدا هاتووه‌ و پابه‌ندبوونی خۆی به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌وه‌ی له‌ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژماره‌ 224 و بڕیاره‌ یه‌كگرتووه‌كه‌ی ژماره‌ 269 /فیدراڵی/2023 دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "وه‌زاره‌تی دارایی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ خشته‌ی (هـ)دا هاتووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ته‌رخانكردنانه‌ی كه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا هاتووه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ ناردووه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ نوسراوه‌كه‌ی ژماره‌ (6455/9/1) له‌ 6/4/2024 ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌".

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ڵێت: "پابه‌ند بووین به‌ ناردنی پاره‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و بۆ سه‌رجه‌م پۆله‌كانی (خانه‌نشینان، چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌رێم پابه‌ندنه‌بوو به‌ ناردنی‌ داهاتی نانه‌وتی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ند كرد به‌ ڕاده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان".


ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "لەسەر بنەماى راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوەى (داهات و خەرجى) داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2024، چوار تریلیۆن و 350 ملیار دینار بووە".
 

ده‌شڵێت: "به‌پێی ئه‌و ڕێكارانه‌ی له‌ یه‌كه‌كانی خه‌رجكردنی داراییدا په‌یڕه‌و ده‌كرێن، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی مانگانه‌ مووچه‌ی هه‌رێم ده‌نێرێت بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، تا مووچه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانیدا دابه‌ش بكات، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگانه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵیه‌وه‌، هاوشێوه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی فیدراڵی مووچه‌ی‌ دابینكردووه‌".

جەختیشی لەوە کردووەتەوە كه‌ "وه‌زاره‌ت به‌رپرسیار نییه‌ له‌ خه‌رج نه‌كردنی مووچه‌ بۆ هه‌رێم له‌ واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا و دواخستنی خه‌رجكردنیان به‌هۆی‌ پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ ته‌وتینكردنی‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی".

وەزارەتی دارایی عێراق راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ 2024دا، 11 ترلیۆن و 561  ملیار و  522 ملیۆن دیناریان بۆ مووچەی مزوچەخۆرانی هەرێم ناردووە به‌مشێوه‌یه‌:

* بڕی (9 ترلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن) دینارمان ناردووە بۆ مووچەی فەرمانگە مەدەنی و ئەمنییەكان

* بڕی (130 ملیارو 931 ملیۆن) دینارمان ناردووە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی

* بڕی (650 ملیارو 40 ملیۆن) دینارمان ناردووە بۆ خانەنشینی سەربازی

* بڕی (776 ملیارو 657) ملیۆن دینارمان ناردووە بۆ خانەنشینی مەدەنی

* بڕی (338 ملیارو 479 ملیار ) دینارمان ناردووە بۆ قوربانیانی ئەنفال

* بڕی (10 ملیارو 721 ملیار) دینارمان ناردووە بۆ زیندانیان




PM:07:44:12/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو