میدیای‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتی‌: حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوو به‌ داهاتی ناخۆ كورتهێنانی‌ مووچه‌ پڕبكاته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
میدیای‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌كێشه‌ و قه‌یرانی مووچه‌ و داراییه‌وه‌ هاته‌ ساڵی نوێی‌ 2024ه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای‌ ناردنی‌ بڕێك پاره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوو به‌ داهاتی ناخۆ كورتهێنانی‌ مووچه‌ پڕبكاته‌وه‌ تا مووچه‌ی‌ مانگی‌ 11 دابه‌ش بكرێت.


ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مڕۆ 1/1/2025، هه‌رێمی كوردستان به‌كێشه‌و قه‌یرانی مووچه‌و داراییه‌وه‌، هاته‌ ساڵی نوێوه‌".

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌ڵێت: "هه‌ر چه‌نده‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بڕی 631 ملیار دیناری بۆ مووچه‌ی مانگی 11ی2024  فه‌رمانبه‌ران نارد، به‌ڵام به‌چاوه‌روانی ناردنی ته‌واوكارییه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و مووچه‌خۆران ساڵی 2024یان به‌ڕێكرد، هیچ بڕێك له‌داهاتی ناخۆ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ته‌واوكاریی زیاد نه‌كرا، بۆیه‌ مووچه‌ی دوومانگی ساڵی پار 2024 دابه‌ش نه‌كرا".

PUKMEDIA له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 11 له‌ساڵی رابردوودا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سێ بژارده‌ی له‌به‌رده‌مدابوو، كه‌ دووان له‌بژارده‌كان ناردنی پاره‌ بوو له‌به‌غدا و بژارده‌ی سێیه‌میش پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه‌ بوو له‌داهاتی ناوخۆی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك"، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ كام له‌م بژاردانه‌ی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه‌ی مانگی 11 جێبه‌جێ نه‌كردو به‌مه‌ش دابه‌شكردنی مووچه‌ كه‌وته‌ ساڵی نوێوه‌".

به‌پێی راگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی یه‌ك مانگی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم پێویستی به‌ بڕی 996 ملیار دیناره‌، به‌ڵام تا ئێستا دارایی عیراق ته‌نها 631 ملیار دیناری وه‌ك مووچه‌ی مانگی 11 بۆ هه‌رێم ناردووه‌ و به‌وپێیه‌ش بڕی 365 ملیار دینار كورتهێنان هه‌یه‌.


PM:04:22:01/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت