وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌ بوونی‌ كێشه‌ی‌ سیوله‌ "نه‌ختینه‌" ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پابه‌نده‌ به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان به‌پێی‌ خشته‌ی‌ دیاریكراو.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2024 وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "وه‌زاره‌ت دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ سۆشیال میدیا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی نه‌ختینه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌م مانگه‌ ده‌كات، دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ واقیعه‌وه‌ نییه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی دارایی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "به‌ ته‌واوی پابه‌نده‌ به‌ پڕۆسه‌ی پاره‌داركردنی‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران".

ده‌شڵێت: "فه‌رمانگه‌ی‌ ژمێریاری پاره‌ی مووچه‌ی بۆ وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كان نین بۆ كانوونی یه‌كه‌م ناردووه‌ به‌پێی ئه‌و خشتانه‌ی بۆ هه‌ریه‌كه‌یان دیاری كراوه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ دڵنیابوون له‌ به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كان به‌بێ هیچ دواكه‌وتنێك".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال میدیا ده‌كات كه‌ وردبین بن و وریا بن له‌ گه‌یاندنی زانیاریدا و پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی، سه‌رچاوه‌ هه‌واڵه‌كان پشتڕاست بكه‌نه‌وه‌.


PM:10:05:29/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 3220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت