تا دێت بەهای تمەنی ئێرانی زیاتر دادەبەزێت
وێستگەنیوز_
تا دێت بەهای تمەنی ئێرانی زیاتر دادەبەزێت، بەجۆرێک بەهای 100 دۆلار بە حەواڵە بەرامبەر بە هەشت ملیۆن و 300 هەزار تمەنە، ئەمەش لە رۆژێکدا زیاتر لە 285 هەزار تمەن لە بەهاکەی کەمبووەتەوە.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی رایگەیاند، "سەرەکیترین هۆکار بۆ دابەزینی بەهای تمەن گۆڕانکارییە سیاسییەکانە، گرنگترینیان نزیکبوونەوەی وادەی گرتنەدەستی دەسەڵاتی کۆشکی سپییە لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە، چونکە بەتەواوەتی سیاسەتەکانی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمساڵ ئێران کورتهێنانی بوودجەی هەیە بە رێژەی 46٪، لەگەڵ ئەوەشدا خواستی بازرگانان لەسەر بازرگانیکردن بە تمەنەوە کەمیکردووە."
لەلایەکی دیکەشەوە "حکومەتی ئێران پاڵپشتیی حەواڵەی دەرەکیی زیادکردووە لەسەر بازرگانان، بەجۆرێک پێشتر نرخی ئاڵوگۆڕ بۆ هەر 100 دۆلارێک بە چوار ملیۆن و 200 هەزار تمەن دانرابوو، بەڵام ئێستا بووەتە هەشت ملیۆن تمەن بۆ هەر 100 دۆلارێک".
ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتای ئەمساڵ بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر پێنج ملیۆن و 650 هەزار تمەن بووە.
PM:04:55:29/12/2024
ئهم بابهته 11080
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت