ئاوات شێخ جه‌ناب دواین به‌ره‌و پێشچوونه‌كانی "هه‌ژماری‌ من" له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان تاووتوێ ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری‌ دارایی و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ تیمی سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من كۆبووه‌وه‌، به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تا ئێستا نزیكه‌ی 700 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌ "هه‌ژماری‌ من" خۆیان تۆمار كردووه‌.


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (2024/12/22) ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری پێشوازیكرد له‌ تیمی سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌ سه‌ر دواین به‌ره‌و پێشچوونه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان كرا كه‌ "به‌پێی دواین ئاماره‌كان تا ئێستا نزیكه‌ی 700 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆر له‌ ڕێگای هه‌شت بانكه‌وه‌ خۆیان تۆمار كردووه‌".

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی، "تا ئێستا زیاتر له‌ 318 هه‌زار كارتی بانكی دابه‌شراوه‌ و 306 ئامێری ڕاكێشانی پاره‌ به‌رده‌سته‌ و بۆ مانگی تشرینی دووه‌م نزیكه‌ی 221 هه‌زار مووچه‌خۆر به‌شێوه‌ی دیجیتاڵی مووچه‌ وه‌رده‌گرن".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "بۆ مانگی كانونی دووه‌می ساڵی داهاتوو سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی شارستانی له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌شێوه‌ی دیجیتاڵی مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن".        

"له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌ تیشك خرایه‌ سه‌ر ئاماده‌كاریه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی بۆ سه‌رجه‌م خانه‌نشینان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان و له‌و ڕوه‌وه‌ چه‌ندین كارئاسانیان بۆ ده‌كرێت و بڕیاریشه‌ له‌ساڵی داهاتودا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو پڕۆژه‌كه‌ ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بكرێت"، وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم واده‌ڵێت.      

روونیشیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ "له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشوازی له‌ گشتاندنی ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كرا، كه‌ كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌م ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و پارێزگاكانی كردووه‌ و نوسخه‌شی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ند كردووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و تیایدا هاتووه‌، سه‌باره‌ت به‌به‌ره‌وپێشبردنی ژینگه‌ی كاره‌كان و پته‌وكردنی توانای بانكه‌كانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری دارایی و بانكی زیاتر، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌زاره‌ت و كۆمپانیاكانی ڕاسپاردووه‌ به‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ بانكه‌ ئه‌هلیه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌بواری كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی و پێدانی سلفه‌و قه‌رزی به‌ڵگه‌نامه‌یی و وه‌هه‌روه‌ها هاوكاری كردن بۆ به‌ره‌و پێشبردنی پاره‌دانی ئه‌لكترۆنی و توگین كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران".

وه‌زاره‌ت دارایی هه‌رێم راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت بۆ پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من سود له‌سه‌رجه‌م ئه‌و بانكه‌ ئه‌هلیانه‌ وه‌ربگرێت كه‌له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تی كاركردنیان پێدراوه‌".              

هاوپێچ؛ نووسراوی ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ی حكومی بۆ چاكسازی له‌كه‌رتی دارایی و بانكی.


PM:07:36:22/12/2024












ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت