سۆران عومه‌ر: به‌رپرسانی‌ هەرێم ویستویانە داهات و خەرجی حەقیقی بشارنەوە


وێستگه‌نیوز-
سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ریگه‌یاند كه‌ 10 مانگ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری دارایی عێراق داوایكردووه‌ هه‌ڵه‌كانی میزان مراجه‌عه‌ی‌ داهات و خه‌رجییه‌كانی‌ هه‌رێم چاك بكه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ هه‌رێم چاكیان نه‌كردووه‌ و وه‌ك ده‌ڵێت: "ویستویانە داهات و خەرجی حەقیقی بشارنەوە".


سۆران عومه‌ر كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ داراییه‌، دوو نوسراوی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "10 مانگ له‌مه‌وپێش ته‌یف سامی وه‌زیری‌ دارایی عێراق داوای چاككردنی هه‌ڵه‌كانی میزان مراجه‌عه‌ی كردووه‌ له‌ داهات و خه‌رجی هه‌رێم، تاكو ئێسته‌ چاكیان نه‌كردووه‌ چونكه‌ هه‌موو مانگێك ویستویانه‌ داهات و خه‌رجی حه‌قیقی بشارنه‌وه‌!".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نووسیویه‌تی‌: "به‌دوو نوسراو له‌ 19 و 29ی شوباتی 2024 وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هه‌رێمی كوردستانی له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕیه‌كانی میزان مراجعه‌ی هه‌رێم ئاگاداركردۆته‌وه‌ تاكو چاكی بكه‌ن به‌ڵام چاكیان نه‌كردووه‌، چه‌ند ڕۆژێكه‌ تیمێك له‌به‌غداوه‌ هاتووه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "خاڵی دووه‌می بڕیاری دادگای فیدراڵی ناردنی میزان مراجه‌عه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێمه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ حاڵی میزان مراجعه‌ی هه‌رێمه‌".

ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ‌ دابینكردووه‌، هۆكاری‌ دواكه‌وتنیشی‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پابه‌ندنه‌بوونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ رێكاره‌ كارپێكراوه‌كان بۆ ناردنی‌ پاره‌ و بوونی‌ كه‌موكوڕی له‌ میزانیه‌ی‌ موڕاجه‌عه‌.


AM:09:30:20/12/2024








ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت