وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق سه‌باره‌ت به‌ ناردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ ده‌دات


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق رایگه‌یاند كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ‌ دابینكردووه‌، هۆكاری‌ دواكه‌وتنیشی‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پابه‌ندنه‌بوونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ رێكاره‌ كارپێكراوه‌كان بۆ ناردنی‌ پاره‌.


وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق رایگه‌یاند كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ‌ دابینكردووه‌، هۆكاری‌ دواكه‌وتنیشی‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پابه‌ندنه‌بوونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ رێكاره‌ كارپێكراوه‌كان بۆ ناردنی‌ پاره‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ده‌یه‌وێت راستییه‌كان روون بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ی به‌م دواییانه‌ له‌ هه‌ندێك په‌یجی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باس كرا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی دارایی به‌ ئه‌نقه‌ست مووچه‌ی چوار مانگی‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ناكات. وه‌زاره‌ت دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئه‌م تۆمه‌تانه‌ دوورن له‌ راستییه‌وه‌".

وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌ڵێت: "جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ته‌واوی‌ وه‌زاره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌ داراییه‌كان به‌پێی یاسا و رێكاره‌ كارپێكراوه‌كان به‌بێ هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "وه‌زاره‌ت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ‌ ناردووه‌، بڕه‌ پاره‌ی پێویست گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، بڕی‌ پاره‌كه‌ش به‌پێی‌ ئه‌و ته‌رخانكردنانه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌رێم ته‌رخانكرابوون، هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی فیدراڵی و به‌پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی كه‌ جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ خه‌رجكردنی‌ مووچه‌ له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو به‌و میكانیزمه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی بۆ ناردنی‌ پاره‌ كاری‌ پێده‌كات، به‌هۆی كه‌موكوڕی له‌ میزانیه‌ی‌ موڕاجه‌عه‌، كه‌ بووه‌هۆی دره‌نگ خه‌رجكردنی مووچه‌".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ له‌ڕێگه‌ی كۆبوونه‌وه‌ ده‌ورییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌ هه‌رێم.

وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "پابه‌نده‌ به‌ دابینكردنی پاره‌ی‌ مووچه‌ به‌پێی كاته‌ دیاریكراوه‌كان و چوارچێوه‌ یاساییه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان".

هاوكات داواش له‌ سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كات كه‌ وریا بن له‌ گه‌یاندنی زانیاری و به‌دواداچوون بۆ راست و دروستی زانیاریه‌كان بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی لێدوان بده‌ن كه‌ ره‌نگه‌ بیروڕای گشتی بوروژێنێت یان ببێته‌ هۆی شێواندنی ڕاستییه‌كان.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ 17ی‌ كانوونی‌ دووه‌م (مانگی‌ 12)، ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م (مانگی‌ 10)ی‌ فه‌رمانبه‌ران كرد و چاره‌نووسی‌ مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ تشرینی‌ دووه‌م (مانگی‌ 11) و كانوونی‌ یه‌كه‌م (مانگی‌ 12)ی‌ 2024 ناڕوونه‌ و نازانرێت ئاخۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دابه‌شی‌ ده‌كات یان نا.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.




PM:08:16:18/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو