سۆران عومه‌ر باس له‌ هۆكاری‌ دره‌نگ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 10 له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌كات


وێستگه‌نیوز-

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی‌ كوردی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ هه‌رچه‌نده‌ 16 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق 763 ملیار دیناری نارد، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ هه‌رێم دابه‌شیان نه‌كرد تا بگه‌نه‌ پشووی‌ كۆتایی ساڵ‌ و ئه‌مساڵ 12 مووچه‌ دابه‌ش نه‌كه‌ن.

سۆران عومه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "له‌ 2024/12/1 واته‌ 16 ڕۆژ پێش ئێسته‌، دارایی عێراق 763 ملیار دیناری نارد بۆ هه‌رێم، چونكه‌ نه‌یانده‌ویست ئه‌مساڵ 12 مووچه‌ بده‌ن. ئاماده‌ نه‌بوون ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 10 بكه‌ن تاكو 17 رۆژی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئه‌و پاره‌ی كه‌ هاتووه‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك دابه‌شی ده‌كه‌ن و ده‌گه‌نه‌ پشووی كۆتایی ساڵ!".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "له‌ 2024 دا ڕۆژانه‌ 350 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان فرۆشتووه‌ و داهاته‌كه‌یان بردووه‌!".

سۆران عومه‌ر راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "12 مانگیش داهاتی ناوخۆیان هه‌بووه‌ ته‌نها 395 ملیار دیناریان گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ به‌غداو ئه‌ویتری كوا؟!!".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بڕیاره‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سبه‌ینێ‌ 17ی‌ كانوونی‌ دووه‌م (مانگی‌ 12)، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م (مانگی‌ 10) بكات و چاره‌نووسی‌ مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ تشرینی‌ دووه‌م (مانگی‌ 11) و كانوونی‌ یه‌كه‌م (مانگی‌ 12)ی‌ 2024 ناڕوونه‌ و نازانرێت ئاخۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دابه‌شی‌ ده‌كات یان نا.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.


PM:08:57:16/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 4096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو