نوێترین لێدوانی وه‌زیری دارایی هه‌رێم ده‌رباره‌ی مووچه ئاشكرا كرا
وێستگه‌نیوز-
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم رایگه‌یاندووه كه گه‌ر پاره له به‌غداوه ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت مووچه‌ی دوو مانگ پێكه‌وه دابه‌ش ده‌كرێن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێدوانی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به مووچه‌ی مانگه‌كانی 10 و 11 ئاشكرا كرد.
سه‌رچاوه‌كه كه نه‌یویستووه ناوی بڵاوبكرێته‌وه، بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا وتوویه‌تی: "له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، ئاوات شێخ جه‌ناب باسیله‌وه‌كرد عێراق 761 ملیار دیناری بۆ مووچه‌ی مانگی 10 ناردووه، بڕیاری داوه به ناردنی 430 ملیار دیناری تریش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه ، گه‌ر 761 ملیاری مانگی 11 بنێرێت، ئه‌وا مووچه‌ی مانگه‌كانی 10 و 11 پێكه‌وه دابه‌ش ده‌كه‌ن".
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی موچه‌خۆران، مانگانه پێویستی به سه‌رووی 990 ملیار دیناره، له‌كاتێكدا حكومه‌تی عێراق 761 ملیار دیناری بۆ مووچه‌ی مانگی 10 ره‌وانه كردووه، بۆیه هه‌رێم به بیانووی كورتهێنان تا ئێستا مووچه‌ی مانگی 10ی دابه‌ش نه‌كردووه.
له كاتێكدا له ناوه‌ڕاستی مانگی 12 نزیك ده‌بینه‌وه، به‌ڵام هێشتا له هه‌رێم مووچه‌ی مانگی 10 دابه‌ش نه‌كراوه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی عێراق فریای ناردنی پاره‌ی مانگه‌كانی 11 و 12 ده‌كه‌وێت، سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: "راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی نوسراوی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم 11 ڕۆژی ویست، گه‌ر ئه‌م هه‌ڵانه به‌رده‌وام بن پێناچێت عێراق فریای ناردنی پاره بكه‌وێت".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 11ی كانوونی یه‌كه‌مه، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی هه‌ردوو مانگی رابردوو "تشرینی یه‌كه‌م" و "تشرینی دووه‌م"ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنیان دیار نییه.
به‌وهۆیه‌شه‌وه به‌شێك له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بایكۆتیات كردووه و ده‌وام ناكه‌ن.
ساڵی پاریش حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌ی مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.
PM:10:26:12/12/2024
ئه‌م بابه‌ته 18700
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت