میدیای‌ یه‌كێتی‌ واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 10ی‌ بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
میدیای‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ لایه‌نێكی‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا، له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سبه‌ینێ‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 10 ده‌كرێت.


كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌ ده‌ڵێت: "بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 10ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێبكات".

سه‌رچاوه‌كه‌ی میدیای‌ یه‌كێتی‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی 763 ملیار دیناری مووچه‌ی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 11 ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ی وردبینی له‌ لیستی مووچه‌ی مانگی تشرینی دووه‌م ته‌واو بووه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوای ئه‌و گواستنه‌وه‌یه‌، به‌غدا پاره‌ی ئه‌و مانگه‌ش بنێرێت".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "وه‌زاره‌تی دارایی عیراق 430 ملیار دینار ته‌واوكاریی مووچه‌ی هه‌ر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی خسته‌ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم".

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مووان چاوه‌ڕوان بوون ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆیدا بڕیاری‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ بدات، به‌ڵام دابه‌شكردنی‌ دواخست و وه‌زاره‌تی‌ دارایی راسپارد كه‌ "لە کاتی گەیشتنی هەر بڕە پارەیەکی تر، لە بەغدادەوە بۆ تەواوکاریی مووچە، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ‌ 11ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ هه‌ردوو مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م" و "تشرینی‌ دووه‌م"ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنیان دیار نییه.

به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بایكۆتیات كردووه‌.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.   


PM:04:32:11/12/2024




ئه‌م بابه‌ته 23840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت