له‌سه‌ر سێ مووچه‌ی كۆتایی ئه‌مساڵی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت


وێستگه‌نیوز-
رێباز حه‌ملان بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌سه‌ر پشكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌سه‌ر سێ مووچه‌ی كۆتایی ئه‌مساڵی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رایگه‌یاند كه‌ "به‌ زووترین كات ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌كان ده‌كرێت".


رێباز حه‌ملان  له‌سه‌ره‌تای‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا نووسیویه‌تی‌: "سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچه‌خۆران و هاونیشتمانیانی هه‌رێمی كوردستان. ته‌قدیرو پێزانینی زۆرمان بۆ پشتیوانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌داهاتووه‌ كه‌ "به‌ هه‌وڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كاك مه‌سرور بارزانی، كه‌ شه‌و و رۆژی خستوه‌ته‌ سه‌ر یه‌ك له‌ پێناو مووچه‌ و شایسته‌ دارایییه‌كانی هه‌رێم، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر هێڵ بوو وه‌ به‌ته‌قدیره‌وه‌، محه‌مه‌د شیاع سودانی هاته‌ سه‌رخه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كورتهێنان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر له‌ به‌غداد و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی زۆر ورده‌كاری له‌سه‌ر ته‌رخانی بودجه‌و مووچه‌ی هه‌رێم و فه‌سڵ و مادده‌كانی بودجه‌، وه‌ك یه‌ك تیم له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیری نیشته‌جێكردن و جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و جێگری ئه‌مانه‌ی عامه‌ و سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد و به‌نده‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی به‌ ته‌نسیق و كاری رۆژانه‌ و به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و سكرتێری ئه‌نجومه‌ن و فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و تیمی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم توانیمان مووچه‌ی مانگی 10 سه‌رف بكرێ كه‌ 761 ملیار دیناره‌".

رێباز حه‌ملان ده‌ڵێت: "مووچه‌ی مانگی 11 كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌رف ده‌كرێت كه‌ نزیكه‌ی ٧٥٩ ملیار دیناره‌ له‌ هه‌مان كاتدا مناقه‌له‌یه‌ك له‌ ته‌رخانكراوی هه‌رێم له‌ فه‌سڵی نۆ ده‌كرێت بۆ سه‌ر فه‌سڵی یه‌كی مووچه‌، بۆ پركردنه‌وه‌ی به‌شێكی كورتهێنانی موچه‌، موچه‌ی هه‌رێم پێویستی به‌ 996 ملیار دیناره‌ بۆ هه‌ر مانگێك".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌مڕۆش له‌ به‌غداد لیستی مووچه‌ی مانگی 12 مان گه‌یانده‌ وه‌زیری دارایی عێراق و جه‌نابی وه‌زیر ته‌حویلی كرد بۆ ته‌دقیقكردن".

بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌ زووترین كات ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌كان ده‌كرێت ..".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ 10ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ هه‌ردوو مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م" و "تشرینی‌ دووه‌م"ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنیان دیار نییه.

به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ مامۆستایان و فةرمانبةرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریانداوه‌ بایكۆت بكه‌ن.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.


PM:07:08:09/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 2968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت