"هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ عێراق 5 ملیار دۆلار زیانی پێ بگات"


وێستگه‌نیوز-
نه‌بیل مه‌رسومی‌ شاره‌زا و ئابووریناسی‌ عێراقی‌ پێیوایه‌ كه‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ عێراق 5 ملیار دۆلار له‌ده‌ست بدات، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ده‌بێته‌هۆی كورتهێنانی بودجه‌كه‌ی‌.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ی تشرینی دووه‌می 2024، نه‌بیل ئه‌لمه‌رسومی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی‌: "كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان (APIKUR) پێشوازی له‌ پێشنیازی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 12ی یاسای بودجه‌ كردووه‌ و پێیوایه‌ كه‌ بوارێكی پێویست له‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ ئێستادا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت داواكارییه‌كانی پێشووی په‌یوه‌ست به‌ مه‌رجی‌ بازرگانی و دڵنیایی له‌ پێدانی‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی رابردوو و داهاتوو له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی عێراق – توركیاوه‌ جێی‌ بكرێته‌وه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ هه‌مواركردنه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی قه‌ره‌بووی حكومه‌تی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ له‌ خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان بۆ تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌، بۆ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی له‌ هه‌رێم به‌رهه‌مده‌هێنرێت كه‌ له‌لایه‌ن (سۆمۆ) یان وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ فیدراڵی وه‌رده‌گیرێت، به‌و مه‌رجه‌ی تێچووی دادپه‌روه‌رانه‌ی خه‌مڵێنراوی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ بۆ هه‌ر كێڵگه‌یه‌ك به‌جیا له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی‌ راوێژكاری ته‌كنیكی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ بكرێت، كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵیه‌وه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ هه‌رێم دیاری ده‌كرێت".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ ”تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵیه‌وه‌ وه‌ك پێشه‌كی قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌، به‌ ڕێژه‌ی (16) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، كه‌ دواترو دوای‌ ته‌واوبوونی‌ كاری‌ لیژنه‌كه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌".

ئه‌لمه‌رسومی نووسیویه‌تی‌:  "به‌پێی ئه‌نجامی وردبینی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ساڵانی پێشوو، هه‌رێم ته‌نها 44%ی داهاتی نه‌وتی وه‌رگرتووه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وته‌وه‌ براوه‌ بۆ دابینكردنی تێچووی به‌رهه‌مهێنان، گواستنه‌وه‌، بازاڕكردن، و قازانجی كۆمپانیا بیانییه‌كان، كه‌ له‌ زۆربه‌ی گرێبه‌سته‌كاندا به‌ ڕێژه‌ی 20%ی قازانجی نه‌وت دوای لێبڕینی تێچوونه‌كان دیاری كراوه‌”.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، "له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ڕاستیانه‌ و به‌هۆی پابه‌ندبوونی عێراق به‌ بڕیاری‌ ئۆپێك پڵه‌س بۆ سنوورداركردنی‌ به‌رهه‌مهێنان، بڕی هه‌نارده‌ی كوردستان كه‌ ده‌گاته‌ 400 هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا پێویستی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌مان بڕه‌ له‌ كێڵگه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوور، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت به‌ نزیكه‌ی 5 ملیار دۆلار ساڵانه‌، ئه‌مه‌ش به‌ مانای زیادبوونی كورتهێنانی بودجه‌ به‌ هه‌مان بڕه‌ به‌هۆی جیاوازی له‌ تێچوون و قازانجی كۆمپانیا بیانییه‌كان و نزمی كوالێتی نه‌وتی كوردستان” .


PM:01:52:16/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت