نوێترین لێدوانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌رباره‌ی‌ مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵ


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌یه‌وێت كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، ده‌شڵێت، "حكومه‌تی‌ عێراق مووچه‌ی سێ مانگی‌ كۆتایی ئه‌مساڵ‌ ده‌نێرێت".


پێشه‌وا هه‌ورامانی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "هاتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌ولێر هه‌نگاوێكی باشه‌ و یه‌كه‌مجاری نییه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات".
وتیشی‌: "ئه‌و نیه‌ته‌مان به‌دیكردوه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كه‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات".

سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، پێشه‌وا هه‌ورامانی باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی راگه‌یاند، بابه‌تی مووچه‌ پێویسته‌ تێكه‌ڵی هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌كرێت، سه‌رۆك وه‌زیرانیش هاوڕابو و راگه‌یاند، هه‌ر شتێك له‌سه‌ر ئێمه‌ داواكاری بێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ش له‌به‌رامبه‌ردا مافی خۆمان ده‌وێـت، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه‌ دادگای فیدڕاڵی یه‌كلایی كردۆته‌وه‌، له‌ژێر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی موچه‌خۆرانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق مووچه‌ وه‌ربگرن، له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هاوڕابوو، هیچ تێبینیه‌كی نه‌بوو".

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم راشیگه‌یاند كه‌ "له‌باره‌ی مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵ، باسی ورده‌كاری ته‌كنیكیه‌كان نه‌كرا، چونكه‌ تیمێكی حكومه‌تی هه‌رێم ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌ به‌غدا مانه‌وه‌، هه‌ر داواكاریه‌كی ته‌كنیكی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ هه‌بێت، تیمی ئێمه‌ به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێت و ده‌مانه‌وێت هیچ بیانویه‌ك نه‌مێنێت، سودانی هاوڕاش بو وتی، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت بابه‌تی مووچه‌ جیاواز بێـت و تێكه‌ڵ به‌ بابه‌تی دیكه‌ نه‌كرێت و سه‌رۆك وه‌زیرانیش مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ ده‌نێرێت".


PM:07:58:13/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 4172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت