وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نوێترین زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 10 راگەیاند


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ تیمی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ گفتوگۆدان بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مانگی 10 له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بنێردرێت.

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ كاره‌كانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ی كابینه‌ی ده‌یه‌م پێك ده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها خوازیارین به‌ زووترین كات لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ڕێك بكه‌ون. هیواداریشم به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو لایه‌ك پێكه‌وه‌ كۆ بكاته‌وه‌".

پێشه‌وا هه‌ورامانی ده‌ڵێت: "له‌سه‌ر پرسی‌ مووچه‌ تیمێكی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی سێ رۆژه‌ له‌ به‌غدان، بۆ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و تێبینیانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ هه‌یه‌تی".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشداین".

وتیشی‌: "تیمی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تیمی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ گفتوگۆدان بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مانگی 10 له‌و چه‌ند رۆژه‌ی داهاتوودا بنێردرێت".

پێشه‌وا هه‌ورامانی‌ راشیگه‌یاند كه‌ "وه‌ك هه‌مووان ده‌زانن دادگای فیدراڵی بڕیاری داوه‌ پرسی مووچه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك تێكه‌ڵی پرسه‌كانی دیكه‌ نه‌كرێت، ده‌بێت مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌ كاتی خۆیدان مووچه‌كانیان وه‌ربگرن".



PM:10:16:06/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 2996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت