وه‌زاره‌تی‌ دارایی راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ بایۆمه‌تری و لیستی مووچه‌ بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ دوو مانگی ڕابردودا زیاتر له‌ 105 هه‌زار مووچه‌خۆر بایۆمه‌تریان كردووه‌، ده‌شڵێت: "له‌ ئێستادا 75%ی كێشه‌كانی بایۆمه‌تری و لیستی مووچه‌ چاره‌سه‌ر بووه‌".


له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی دارایی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی له‌ بانكه‌كانی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌، له‌ به‌رواری (2024/8/25) تا ڕۆژی (2024/10/18)، ( 105.560) سه‌دو پێنج هه‌زارو پێنج سه‌دو شه‌ست فه‌رمانبه‌رو مووچه‌خۆر له‌ ڕێی بنكه‌كانی تۆماركردنی بایۆمه‌تری له‌ بانكه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان خۆیان له‌ پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری تۆمار كردووه‌".

وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌ڵێت: "له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ (35.000) هه‌زار كه‌سیان خانه‌نشینن و زیاتر له‌ (20.000) هه‌زار كه‌سیان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن و زیاتر له‌ (7.000) كه‌سیان فه‌رمانبه‌رن و نزیكه‌ی (6.000 ) هه‌زار كه‌سیان وارسی شه‌هیدانن و نزیكه‌ی (35.000) هه‌زار كه‌سیش ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ بوون كه‌ باركۆد و ( upn ) یان هه‌بوو، به‌ڵام كێشه‌ی بایۆمه‌تریان هه‌بوو".  

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی كێشه‌ی بایۆمه‌تریان هه‌بوو له‌ تێبینیه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستاندا كێشه‌كانیان هونه‌ری بوو نه‌ك یاسایی، كه‌ خۆی له‌ نزیكه‌ی ( 140) هه‌زار مووچه‌خۆر ده‌بینییه‌وه‌".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌ ئێستادا له‌ (75% )ی كێشه‌كانی بایۆمه‌تری و لیستی مووچه‌ چاره‌سه‌ر بووه‌و تا كۆتایی ساڵ سه‌رجه‌م كێشه‌ هونه‌ریه‌كانی لیستی مووچه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت".


PM:09:38:22/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 6096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت