حکومەتی عێراق خشتەی بودجەی گشتیی ساڵی 2025 ئامادە دەكات


وێستگەنیوز-


راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی گشتیی ساڵی 2025 زانیاریی دەخاتەڕوو.


مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023دا، كە ئامادەكردنی بودجەی سێ ساڵە رێكدەخات، تیایدا هاتووە، كە حكومەت خشتەی بودجەی ساڵانی 2024 و 2025 رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات بۆ پەسەندكردنی، پێش كۆتایی ساڵی دارایی پێشوو".


ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا وەزارەتی دارایی لە پرۆسەی ئامادەكردنی خشتەی بودجەی گشتیی ساڵی 2025دایە، ئەویش بەپێی ئەو میكانیزمە دەستوورییانەی، كە لە یاسای بودجەی سێ ساڵیدا هاتووە".


روونیشیکردەوە، "دەبێت خشتەی بودجەی ساڵی 2025 رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێتەبەر و دوای گفتوگۆكردن و پەسەندكردنیان لە ئەنجوومەنی وەزیران و پێش كۆتایی ئەمساڵ ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت".


راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "خشتەی بودجەی گشیتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2025 لە نەگۆڕەكانی یاسای بودجەی فیدراڵیی ژمارە 13ی ساڵی 2024 سەرچاوە دەگرێت، بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووریی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و گۆڕانكارییەكان، دڵنیابوون لەوەی، كە بڕگەكانی خشتەی بودجەی ساڵی 2025 لەگەڵ چوارچێوەی دەقە یاساییە بەردەستەكاندا دەگونجێن".






 


PM:06:00:08/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت