ئیخڵاس دلێمی واده‌ی‌ ناردنی‌ مووچه‌ی ئابی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ له‌ مانگی داهاتوودا هاوتاكردنی مووچه‌ی خانه‌نشیانی هه‌رێم و فیدراڵ به‌ خانه‌نشیانی سه‌ربازییه‌وه‌ یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌، ده‌شڵێت: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ئاب دەنێردرێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی ئه‌یلوولی 2024، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی  لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان24ـی وت كه‌ "نیه‌تێك هه‌یه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون، هه‌ندێك یاسا و ڕێكار هه‌یه‌ بۆ یه‌كخستنیان، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ڕوانگه‌ی حكوومه‌ته‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم باس له‌ میلاكی سه‌ربازیی و شارستانی كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو كاری له‌سه‌ر كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌كان یه‌ك بخرێت و كاریشی له‌سه‌ر كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینای  هه‌رێم  كه‌متره‌ له‌ مووچه‌ی خانه‌نشیانی حكومه‌تی فیدراڵ".

وتیشی‌: "مووچه‌ی خانه‌نشینانی شارستانی كیشه‌ی نییه‌، به‌ڵام  خانه‌نشینانی سه‌ربازیی ده‌بێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت چونكه‌ پێویستی به‌ دابینكردنی شایسه‌ته‌ هه‌یه‌، له‌ مانگی داهاتوو هاوتاكردنی مووچه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولا یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "له‌ حكومه‌تی عێراقیش كێشه‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌ هه‌یه‌ به‌هۆی نه‌بوونی سیوله‌ و پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌".

جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق راشیگه‌یاند كه‌ "له‌ ده‌ستپێكی هه‌فته‌ی داهاتوو مووچه‌ی مانگی ئاب ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كرێت".


PM:06:42:17/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 4488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت