سەمیر هەورامی: ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌کرێت


وێستگه‌نیوزـ

بڕیارە ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی به‌غدا بكرێت و وته‌بێژی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش زانیاری نوێ له‌ باره‌ی گه‌یشتنی مووچه‌ی مانگی هه‌شت ده‌خاته‌ڕوو.


سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئه‌یلول، لیستی مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەکرێت و لەم رۆژانەشدا مووچەی مانگی ئاب بە تەواوی دەگاتە هەرێمی کوردستان.

وته‌بێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم وتیشی: "بەغدا 691 ملیار دیناری هەرێمی کوردستانی راگرتبوو، دوای دانوستاندن رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی کرد، لەم یەک دوو رۆژە وەک تەواوکەری مووچەی مانگی هەشت دەنێردرێت".
 
لەبارەی هاوتاکردنی مووچەوه‌ سەمیر هەورامی بۆ رووداو باسی له‌وه‌شكردووه‌، "جارێ تەنیا مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی دەنێردرێت و لەم دوو رۆژە کۆبوونەوەیەک بۆ جێگیرکردنی ئەم بابەتە دەکرێت".

ئەم لێدوانەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە کاتێکدایە کە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلول دەستیپێکردووە و هێشتا مووچەی مانگی ئاب دابەش نەکراوە.

دوێنێش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ زاخۆ رایگه‌یاند، دوای سەردانەکەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری عێراق دڵنیای دراوە لە بەردەوامبوونی رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.


AM:09:52:16/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت