وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان: هه‌نگاوه‌كان بۆ دابه‌زاندنی نرخی به‌نزین ده‌ستیپێكرد


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەستی پێکرد و لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت.


وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوون کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەستی پێکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی راسپاردووە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزینی نرخی بەنزین بکرێت.

دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا بە بەشداریی راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزاکان بەڕێوەچوو، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گفتوگۆی لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کردوو، لەم رووەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەکارییەکانی دەست پێکرد تا بەم نزیکانە لە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێم بکرێت.

باسی لەوەشکردووە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ و هاوردەکردنی بەنزینی زیاتری بازرگانی و لەم رووەوە دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەکرێت.

وەزارەتەکە دەڵێت: هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا شاندێکی وەزارەت سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ دیاریکردن و وەرگرتنی بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی و بەنزین و کۆمەڵێک پرسی پەیوەنداری دیکە.


PM:02:25:05/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت