د. بڕیار ره‌شید: حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرفتی بۆ حكومه‌تی‌ عیراق له‌گه‌ڵ ئۆپیك دروستكردووه‌


وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامێكی كوردی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی ھه‌رێم گرفتی بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له‌گه‌ڵ ئۆپیك دروستكردووه‌، چونكه‌ به‌بێ رێككه‌وتن رۆژانه‌ 240 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رھه‌مده‌ھێنێت.

د. بڕیار ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "له‌گه‌ڵ حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عیراق كۆبووه‌ته‌وه‌ و پێی راگه‌یاندووه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی ھه‌رێم ڕۆژانه‌ 286 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رھه‌مده‌ھێنێت كه‌ پێویستبوو رۆژانه‌ ته‌نھا 46 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رھه‌مبھێنێت بۆ پێداویستی ناوخۆ".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ھه‌رێم پابه‌ندی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ش گرفتی له‌نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و ڕێكخراوی ئۆپیك دروستكردووه‌".

ده‌شڵێت: "وه‌زیری نه‌وتی‌ عێراق رایگه‌یاندووه‌، رێكخراوی ئۆپیك سێجار له‌ زیاد به‌رھه‌مھێنانی نه‌وت ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ بەرهەم هێنانی نەوت کەم بکەنەوە".

وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ باسی‌ كردووه‌، وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌و بڕه‌ زیاده‌یه‌ی ھه‌رێم به‌رھه‌می ده‌ھێنێت كێشه‌ی بۆ حكومه‌تی عێراق دروستكردووه‌ كه‌ تائێستا كێشه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه‌ سروشتییه‌كانی ھه‌رێم چاره‌سه‌ر نه‌بوون".



PM:09:54:02/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت