وادەی ناردنی مووچەی مانگی حه‌وت دیاریکرا


وێستگه‌نیوزـ

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، تا کۆتایى ئەم هەفتەیە بەغدا تەمویلى مووچەی مانگی حه‌وت رەوانە دەکات.

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌كردووه‌، رەوانەکردنى مووچەى مانگى تەمموز دواکەوتووە و ئەوەندەى زانیارییان پێگەیشتووە، پاش وردبینیى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، وەزارەتى داراییش وردبینى لە لیستەکە دەکات و ئەوکات پارە دەنێرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ میدیای یه‌كێتی وتیشى: "وردبینییەکەى وەزارەتى دارایى عێراق تەواو بووە و لەم سێ رۆژەدا واتا تا کۆتایى ئەم هەفتەیە، تەمویلى مووچە رەوانە دەکرێت".

به‌پێی سەرچاوەکەى حکومەتى هەرێم، "پێشتر وەزارەتى دارایى عێراق بە سێ جار پارەى مووچەى رەوانەکردووە، سەرەتا بۆ کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت، پاشان گوژمەى دووەمى بۆ فەرمانبەران بووە و گوژمەى کۆتایی بۆ مووچەى هێزە ئەمنییەکان بووە، بەڵام بۆ ئەم مانگە دیار نییە مووچەى سەرجەم مووچەخۆران رەوانە دەکرێت یان تەنیا دوو گوژمەى یەکەم رەوانە دەکات".

هاوکات، ئەوەشى روونکردەوە بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى تەمموز، حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى تەمویلى وەزارەتى دارایى عێراق دەکات بۆ ئەوەی دەست بەدابەشکردنى بکات.


PM:08:32:05/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 24700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت