نرخی نه‌وتی برێنت بۆ خوار 80 دۆلار دابه‌زی


وێستگه‌نیوزـ

نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو، باڵی کشاندووە بەسەر بازاڕی نەوتدا، هەر بۆیە نرخی نەوتی خاو و برێنت ئەمڕۆ لە کەمترین ئاستەکانی حه‌وت هەفتەی رابردوو مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ته‌مموزی 2024، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت بۆ 78 دۆلار و 72 سه‌نت دابه‌زی، له‌كاتێكدا دوینێ به‌ 80 دۆلارر و 69 سه‌نت فرۆشرا.

هاوكات نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا بۆ 75 دۆلار و 47 سه‌نت دابه‌زی، له‌كاتێكدا دوێنێ به‌ 77 دۆلار و 50 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرا.

کۆمەڵێک ئاماری پەیوەست بە ئابووریی چین، بازاڕی نەوتیان بێ هیوا کردووە. چالاکیی پیشەسازی لە چین بۆ سێیەم مانگی یەک لە دوای یەک لە مانگی حه‌وتدا دابەزیوە.
 
رۆژی دووشەممەش سیتی بانکی ئەمریکی، پێشبینی خۆی بۆ گەشەی ئابووری چین لە 5٪ـەوە بۆ 4.8٪ دابەزاند.
 
بازرگانانی نەوت چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی سەرکردەکانی پارتی کۆمۆنیستی دەسەڵاتدار لە چین دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا چارەیەک بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە دەدۆزنەوە.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، چاوەڕێی بڕیاری هێندە گەورە لە کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەی سەرکردەکانی چین ناکرێت، لەبەرئەوەی لە کۆبوونەوەی پێشوودا بەرپرسانی ئەو وڵاتە، درووشم و سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێستایان دووبارە کردەوە.

هاوكات له‌م دابه‌زینه‌ی نرخی نه‌وتدا نرخی زێڕیش كه‌مێك نزمبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و یه‌ك ئۆنسه‌ی به‌ دوو هه‌زار و 387 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.


AM:08:33:30/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت