لەبارەى مووچەى مانگى ههشتهوه وەزارەتى دارایى داوایەک لە وەزارەتەکان دەکات
وێستگهنیوزـ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، "نووسراو بۆ وەزارەتەکان کراوە لیستى مووچەى مانگى ههشت ئامادەبکەن".
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد، "وەزارەتى دارایی نووسراوى ئاراستەى وەزارەتەکان کردووە بۆ ئەوەى لیستى مووچەى مانگى هەشت ئامادەبکەن بۆ ئەوەى رەوانە بکرێت بۆ بەغدا تا ئەم مانگە بەغدا زووتر وردبینى بۆ لیستەکان بکات و هیچ گرفتێک لە دواکەوتنى مووچەى فەرمانبەران روونەدات".
ئاگادارکردنەوەکەى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە هێشتا مووچەى مانگى حهوتى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە خەرج نەکراوە.
پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى رایگهیاندبوو، "ئەوەندەى زانیاریمان هەبێت کە لە بەغداوە پێمان گەیشتووە، وردبینى بەشێک لە لیستى مووچەى مانگى تەمموز تەواو بووە، کە مووچەى کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت و خانەنشینانى مەدەنییە، چاوەڕێین کە کۆتایى ئەم هەفتەیە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت".
ئەوەشى خستەڕوو، بەبڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران ناردنى لیستى مووچەى مووچەخۆران پێشخراوە و وردبینى لیستى مووچەش لەلایەن دیوانى چاودێریى عێراق بەهەماهەنگى دیوانى چاودێریی دارایى هەرێمى کوردستان ئەنجامدەدرێت و وەزارەتى دارایى عێراق پاش ئەو رێکارانە بڕیار لەسەر خەرجکردنى دەدات.
ناردنى مووچە لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراق بە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغى یەکەم مووچەى کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت و خانەنشینانى مەدەنی رەوانە دەکرێت و دواتر مووچەى فەرمانبەران و پاشان مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان.
کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی بەشێک لەفەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.
PM:12:26:29/07/2024
ئهم بابهته 5244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت