وه‌زاره‌تی دارایی له‌ باره‌ی وه‌رگرتنی باجه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات


وێستگه‌نیوزـ

به‌ڕێِوه‌به‌رایه‌تی گشتی باجه‌كان و خانووبه‌ره‌ی میری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی وه‌رگرتنی باج بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئەوەی کراوە گەرانەوەیە بۆ دەق و روحی یاساکان و رێگری کردن بووە لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج. 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی ته‌مموزی 2024، وه‌زاره‌تی دارایی دارایی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: "باج بە یاسا وەردەگیرێت و ئەرکی سەرەکیمان جێبەجێکردنی یاساکانی باج بووە، کە سەرجەمیان یاسای کۆنی عێراقین بەبێ ئەوەی هیچ گۆرانێک لە رێژەکانی باج کرابێت، ئەوەی کراوە گەرانەوەیە بۆ دەق و روحی یاساکان و رێگری کردن بووە لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج". 

لە روونکردنەوەکەدا ئەو جۆرە باجانەش دیاریکراوە کە لە هاووڵاییان وەردەگیرێت و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەر بڕە پارەیەک بەناوی باج لە هاووڵاییان جیا لەوانە وەربگیرێت ئەوان لێی بەرپرسیار نین.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت رۆژی سێشه‌ممه‌ 23ی ته‌مموزی 2024، کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومكه‌تی هه‌رێم بڕیاری 3393ی دەرکرد، به‌مه‌ش باجی سەر زەوی بەتاڵ و سەمونخانە و نانەواخانە و چێشتخانە و هۆتێلەکانە، ئه‌وانه‌ی کە نمرە چوار بەسەرەوە بوون کە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی و بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەپێندرا بوو راگیرا.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی

روونکردنەوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری بۆ ڕای گشتی 
باج بە یاسا وەردەگیرێت و ئەرکی سەرەکیمان جێبەجێکردنی یاساکانی باج بووە، کە سەرجەمیان یاسای کۆنی عێراقین بەبێ ئەوەی هیچ گۆرانێک لە رێژەکانی باج کرابێت، ئەوەی کراوە گەرانەوەیە بۆ دەق و روحی یاساکان و رێگری کردن بووە لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج. 

وەزارەتی دارایی و ئابوری/ ب. گ. باجەکان و خانووبەرەی میری تەنها لە وەرگرتنی ئەم جۆرە باجانەی لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە بەرپرسیارە و وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بەناوی باج لە هاوڵاتیان جیا لەوانە ئێمە لێی بەرپرسیار نین: 
باجی کۆمپانیاکان: ئەم باجە لە قازانجی ئەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت کە لە ئەنجامی چالاکیان لە هەرێمی کوردستان بەدەستیان هێناوە بە رێژەی (١٥٪) بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (١١٣) ساڵی ١٩٨٢ هەموار کراو. 

-زانیاری و راپۆرتی کۆمپانیاکان بنەمای هەژمارکردنی باجی کۆمپانیاکانە بۆیە هیچ باجێک ناکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا ئەگەر قازانجی نەکردبێت. 

-کۆمپانیاکان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (١٠)ساڵ لە باج دەبەخشرێن لە رێکەوتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری. 

باجی دەرامەت: کەسانی ئاسایی لە قازانجی ساڵانەی پیشەکانیان بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (١١٣) ساڵی ١٩٨٢ هەموارکراو بە رێژەی هەڵکشاو کە بریتین لە رێژەی (٣٪، ٥٪، ١٠٪، ١٥٪) باج دەدەن دوای داشکاندنی سەرجەم لێخۆشبوونە یاساییەکان, سەرەراى ئەوەى ئەو پیشەوەرانەى یەک سەرچاوەى داهاتى سنورداریان هەیە هیچ جۆرە باجێک نادەن وەک (سەرتاشخانە,نانەواخانە,شوێنى چاکردنەوەى مۆبایل, شوێنى فرۆشتنى پەلەوەر,هتد )، بۆ نمونە هەژماری باجی نانەوایەک کەخێزاندار بێت بەڵام هیچ منداڵی نەبێت لە ساڵێک بەم جۆرەی خوارەوە دەکرێت:

٦٠٠٠٠٠٠  - ٥٠٪= ٣٠٠٠٠٠٠(داهاتی ساڵانە)

٣٠٠٠٠٠٠  -  ٥٩٠٠٠٠٠(لێخۆشبوونی یاسایی)= سفر( کەواتە هیچ باج نادات چونکە هیچ داهاتێکی بۆ نامێنێتەوە) 
-نەخۆشخانە تایبەتەکان لە دوای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری (٣) ساڵ دەبەخشرێن ئەگەر خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بن بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن. 

-سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن لە باج. 

-باجدەرانی قەزا و ناحیەکان بەرێژەی (١٠٪ و ١٥٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان. 

-خاوەن پێداویستی تایبەت بە رێژەی (١٥٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان. 

-بێوەژن یان بێوەپیاو یا تەڵاقدراو یان سەڵت (ارمل/ ارملە، مگلق/مگلقە ، اعزب/ باکرە)بە رێژەى(10%) داشکانیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان. 

-ئەو کارگانەی بە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە بە رێژەی جیا جیا بۆ ماوەی (١٠) ساڵ لە باج دەبەخشرێن و بە رێژەی (١٠٠٪) لە باجی هاوردەی موادی سەرەتایی بۆ کارگەکەی دەبەخشرێت. 

باجی گواستنەوەی مولکایەتی: خاوەنی مولک لە کاتی فرۆشتنی مولک بەپێی یاسای ژمارە(٢٦ ساڵی ٢٠٠٧) و یاسای ژمارە (٢٠ ساڵی ٢٠١١) ی پەرلەمانی کوردستان باجی لێ وەردەگیرێت دوای داشکاندنی رێژەی (٥٠٪) لە نرخی خەملێندراوی مولکەکە بە رێژەی (١٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی یەکەم )و (٢٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی دووەم )و (٣٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی سێیەم) و (٥٪ بۆ ئەو بڕەی سەرووی ٣٠٠ ملیۆنە). 

-هەموو خاوەن مولکێکی نیشتەجێبوون مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک لەباجی فرۆشتنی مولکەکەی داوای لێخۆشبوون بکات، لەیەک کاتدا ژن و مێرد و منداڵەکانیان دەتوانن لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.
 
-رێژەی (٥٠٪) لە نرخی خەملێنراوی مولک دەبەخشرێت و بڕی ماوە هەژماری باجی لەسەر دەکرێت. 

-هەموو دایک و باوکێک و منداڵەکانیان دەتوانن مولکەکانیان بە هیبە خاوەنداریاتیان بۆ  یەکتر بگوازنەوە بەبێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن. 

-هەموو خاوەن زەوییەکی نیشتەجێبوون تا ٨٠٠ مەتر دووجا مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک داوای لێخۆشبوونی باجی فرۆشتنی موولکەکەی بکات. 

باجی لێبڕینی راستەوخۆ: ئەم باجە لە موچە و کرێی کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت وەردەگیرێت بەپێی یاسای ژمارە (٢٠) ساڵی ٢٠١١ ی پەرلەمانی کوردستان، بە رێژەی( ٥٪ ) لەو بڕەی لەسەرووی یەك ملیۆن دینارە.
 
-کارمەندان و فەرمانبەران لێخۆشبوونی پیشەکانیان بەجیا لە لێخۆشبوونی مووچەکانیان وەردەگرن کە بە هەردووکیان لە ساڵێکدا( ١٤٥٠٠٠٠٠) چواردە ملیۆن و پێنج سەد هەزارە لەکاتێکدا باجدەران لە سنووری حکومەتی فیدرالی عێراق یەکجار لێخۆشبوون وەردەگرن و بڕەکەشی (٢٥٠٠٠٠٠) بۆ ساڵێک. 

باجی فرۆشراوەکان: ئەم باجە پاڵپشت بە یاسای بوودجەی حکومەتی فیدراڵی لە سەرجەم هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکانی(٤ ، ٥) ئەستێرە وەردەگیرێت بە رێژەی (١٠٪). 

باجی خانووبەرە : ئەم باجە لە کۆی گشتی کرێی ١٢ مانگ بە رێژەی (٩٪) وەردەگیرێت لە خاوەن مولک بە پێی یاسای باجی خانووبەرە ژمارە (١٦٢) ساڵی ١٩٥٩ هەموارکراو. 

-هەموو خانوو و باڵەخانەیەک تا سێ تابق  بۆ ماوەی (٣)  ساڵ لە باجی خانووبەرە دەبەخشرێت و بەڵام چوار تابق زیاتر بۆ ماوەی (٧) ساڵ دەبەخشرێت. 

-پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە رۆژی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن. 

باجی زەوی بەتاڵ: خاوەنی زەوی بەتاڵ ساڵانە لە کۆی نرخی خەملێندراوی زەویەکەی رێژەی( ٢٪) وەک باج لێی وەردەگیرێت بەپێی یاسای زەوی بەتاڵ ژمارە (٢٦) ساڵی ١٩٦٢ ی هەموارکراو. 

هەموو خاوەن زەوییەک  تا رووبەری (٦٠٠)م٢ مافی سوود مەند بوونی هەیە لە لێخۆشبوون لە باجی زەویەکەی. 

تێبینی:
بەپێی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (٣٣٩٣ لە رێکەوتی ٢٣/٧/٢٠٢٤) ئەم باجانەی خوارەوە راگیراون:
۱-باجی فرۆشراوەکان کە بە رێژەی (١٠٪) لەسەر  هۆتێل و چێشتخانەکانی خاوەن سێ ئەستێرە بەرەو سەر. 
۲-باجی نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بە رێژەی (٥٪) لە کۆی تێچوووی خزمەتگوزاری پێشکەش کراو. 
۳-باجی سەر سەمونخانە و نانەواخانەکان.
٤-باجی زەوی بەتاڵ.
بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری 
   وەزارەتی دارایی و ئابوری
      ۲٥-۷- ۲۰۲٤


PM:05:52:25/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 2280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت