بانکی ناوەندی لەبارەی جۆرێک لە دۆلارەوە هۆشداری دەداتە هاووڵاتيیان


وێستگه‌نیوزـ

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، جۆرێکی دۆلار کە بە دۆلاری یەک ملیۆنی ناسراوە لە بازاڕەکاندا بڵاوبووەتەوە. هۆشداریش دەداته‌ هاووڵاتییان لەو جۆرە دراوە، چونکە بۆ فێڵكردن بەکار دەهێندرێت.

ئەمڕۆ پێنجشممە 25ی ته‌مموزی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییان له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی جۆرێكی نوێی دۆلار و ده‌ڵێت: "دراوی یەک ملیۆن دۆلاری لە بازاڕەکاندا بڵاوبووەتەوە و بەکار دەهێندرێت بۆ فێڵكردن لە هاووڵاتییان".

لە بڵاوكراوه‌کەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە ئەو دراوانە چاپ دەکەن و بەکاری دەهێنن، هەر کەسێکیش ئەو دراوە بەکار بهێنێت، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

باس لەوەش کراوە، دراوی یەک ملیۆن دۆلای لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە دەرنەکراوە و بە دراوی فەرمی هەژمار ناکرێت و هیچ بەهایەکی لەناو بازاڕدا نییە.

ئەوەش هاتووە، "بەرزترین دراوی ئەمریکی جۆری 100 دۆلارییە و هیچ جۆرە دۆلارێکی تر لەو جۆرە بەرزتر بوونی نییە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا و بەتایبەت لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، جۆرە دراوێک پەیدا بوو کە بە دراوی یەک ملیۆن دۆلاری ناسراوە و لەناو بەشێک لە هاووڵاتیاندا مامەڵەی پێوە دەکرا.


PM:04:55:25/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 2016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت