"هه‌نگاوه‌كانی هاوتاكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا ده‌ستی پێكرد"


وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامی كوردی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌ستی به‌ هه‌نگاوه‌كانی هاوتاكردنی موچه‌ی خانه‌نشینانی هه‌رێم كرد، ده‌شڵێت: "بڕیاروایه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ماوه‌ی 60 رۆژدا بگاته‌ ئه‌نجام".


 د. بڕیار ره‌شید ئه‌ندامی كوردی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت كه‌ "له‌ درێژه‌ی به‌دواداچوونه‌كانمان به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنی جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگــای فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌یه‌كخستنه‌وه‌ی مووچـه‌ی خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان و هاوتاكردنی به‌ خانه‌نشینانی حكومه‌تی فیدڕاڵ، ئه‌مڕۆ له‌به‌غدا سه‌ردانی ماهر حسێن سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خانه‌نشینی عێراق-مان كرد و گفتوگۆمان كرد له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كـه‌".

ده‌شڵێت: "له‌ ئێستادا لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش دروستكراوه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ده‌سته‌ی خانه‌نشینی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كار و نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی تێدایه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "لیژنه‌كه‌ به‌بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستبه‌كاربوون بۆ دیاریكردنی ئالیه‌تێك بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگایی فیدڕاڵ بڕیاروایـه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ماوه‌ی 60 رۆژدا بگاته‌ ئه‌نجام".

د. بڕیار ره‌شید راشیگه‌یاند كه‌ "ده‌سته‌ی خانه‌نشینی عێراق به‌ڵێنیاندا كه‌ هاوكار و ئاسانكه‌ربن بۆ په‌له‌كردن له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كـه‌".

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار دەبێت، لە عێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژیوی پێدەدرێت.
 


PM:07:28:11/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت