"هه‌رێم ته‌وتین یه‌كلا نه‌كاته‌وه، قه‌یرانی دارایی دروست ده‌بێته‌وه"
وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامێكی كوردی په‌رله‌مانی عێراق هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌رێم تا كۆتایی ساڵ بابه‌تی ته‌وتین یه‌كلانه‌كاته‌وه ئه‌وا ساڵی 2025 قه‌یرانی دارایی دروست ده‌بێته‌وه.
غه‌ریب ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتی له لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت "عێراق هه‌تا پێش كۆتایی ئه‌مساڵ به شێوه‌ی ڕێكه‌وتن مووچه له عێراقه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت، به‌ڵام دوای ئه‌م چه‌ند مانگه هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر بابه‌تی ته‌وتین یه‌كلانه‌كاته‌وه، ئیدی له‌ڕێگه‌ی هه‌ژماری من یان راسته‌وخۆ له لایه‌ن بانكه فیدراڵییه‌كان، ئه‌وا له ساڵی نوێ‌دا قه‌یرانی دارایی دروست ده‌بێته‌وه".
وتیشی: "بۆچوونی عێراق له ڕێگه‌ی دادگای فیدڕاڵی و حكومه‌تی عێراق ڕوونه، ته‌وتین له ڕێگه‌ی بانكه حكومیه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌یه. دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ی دانراوه ناتوانرێت مووچه‌ی مووچه‌خۆران بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هیچ ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌وه بنێرێت".
دادگای فیدڕاڵی عێراق 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان "ته‌وتین" بكرێت و مووچه‌خۆران له ڕێگه‌ی بانكه حكومییه فیدڕاڵییه‌كانه‌وه مووچه وه‌ربگرن. به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی 6 مانگ به‌سه‌ر بڕیاره‌كه، پرۆسه‌كه له‌نێوان هه‌ژماری من و ته‌وتین ماوه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له دروستكردنی هه‌ژماری بانكی له ڕێگه‌ی 8 بانكی حكومی و ناحكومیه‌وه بۆ مووچه‌خۆران، به‌ڵام ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت، ئه‌و هه‌ژمارانه‌ی كه وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم دروستیانده‌كات ته‌وتین نین.
سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه "ته‌وتین به‌پێی بڕیاری دادگایه، ده‌قی بڕیاره‌كه ده‌ڵێت له بانكی حكومی فیدڕاڵی. هه‌تا ئه‌م كاته ئه‌م پرۆسه‌یه به پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ده‌ستی پێنه‌كردووه، چونكه هه‌ركاتێك ته‌وتین له بانكی حكومی فیدڕاڵی كرا، وه‌زاره‌تی داریی مووچه‌ی مووچه‌خۆران ده‌خاته ئه‌و بانكه‌ی كه ته‌وتینی تێدا كراوه".
ده‌شڵێت: "هه‌ژماری من ته‌وتین نییه، ئه‌كرێت پرۆسه‌ی دابه‌شكردن بێت، ئه‌و پاره‌یه له بانكه حكومیه‌كانی فیدڕاڵ وه‌ربگرێت و دابه‌شی بكات. ئه‌وه‌ش تی بی ئای كردوویه‌تی ته‌وتین نییه، هه‌مان ئالیه‌تی هه‌ژماری منه، چونكه فه‌لسه‌فه‌ی ته‌وتین جێگیركردنی مووچه‌یه له بانكه حكومیه فیدڕاڵیه‌كان".
به گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم، تا ئێستا زیاتر له 400 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له پرۆژه‌ی هه‌ژماری من تۆماركراون و نزیكه‌ی 240 هه‌زار كارتی بانكیش دابه‌شكراوه، زیاتر له 50 هه‌زار مووچه خۆر كه له 135 یه‌كه‌ی ژمێریاری له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێكهاتون به‌شێوه‌ی دیجیتاڵی مووچه‌یان وه‌رگرتووه.
ڕۆژی دووشه‌ممه 24ی شه‌شیی 2024 ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تیمی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌ی هه‌ژماری من كۆبۆوه و له ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، "پرۆژه‌ی هه‌ژماری من بریتییه له به‌بانكیكردن و ته‌وتینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران".
سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی دابینكردنی مووچه‌ی كه‌رتی گشتی، پرسێكی تری گرنگ كه هه‌تا ئێستا به ناڕوونی ماوه‌ته‌وه بریتییه له شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی كارگێڕی و په‌ره‌پێداندا.
ڕۆژی 3ی شه‌شی 2024، په‌رله‌مانی عێراق له دانیشتنێكدا خشته‌كانی بودجه‌ی ساڵی 2024ی په‌سه‌ندكرد و مووچه‌ی مووچه خۆرانی هه‌رێمی كوردستانی له خه‌رجی كرداریه‌وه خسته سه‌ر خشته‌كانی بودجه.
بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2024 زیاتر له 211 تریلیۆن دیناره، له‌و ڕێژه‌یه‌ش پشكی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دیناره.
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت ئه‌و بودجانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له خشته‌كانی بودجه جێگركراون، ماونه‌ته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داهاتی نه‌وت و نیوه‌ی داهاتی ناوخۆ ده‌نێرێت بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی.
ئاریان تاوه‌گۆزی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له لێدوانێكدا به ده‌نگی ئه‌مریكای وت كه "ئه‌و بودجانه‌ی كه به‌رحكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوون وه‌ك خۆیان ماوه‌ته‌وه و نه‌نێراون بۆ هه‌رێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌تا ئێستادا داهاتی نه‌وت و خاڵه سنوریه‌كان و 50% داهاتی ناوخۆی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانه‌ی عێراق وتیشی: "هه‌تا ئێستا به‌س مووچه له به‌غداوه دێت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵییه. دوومانگی كۆتایی مووچه‌ش له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هاتووه نه‌ك وه‌زیری دارایی. حكومه‌تی هه‌رێم و یه‌كیتی و پارتی ده‌یانه‌وێت هه‌روه‌ك سیسته‌مه كۆنه‌كه‌بێت".
PM:07:42:27/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 2124
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت