په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: حكومه‌ت ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی (هه‌ژماری من)ه‌وه‌ پاشه‌كه‌وت و لێبڕینی مووچه‌ به‌رده‌وام بێت

‌د. بڕیار ره‌شید، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لە پەرلەمانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ره‌خنه‌ له‌ پڕۆژه‌ (هه‌ژماری من) ده‌گرێت و ده‌ڵێت، نه‌ك كێشه‌ی مووچه‌ چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو واده‌كات حکومەت وەک پێشتر دەتوانێت موچە دوابخات و پاشەکەوت و لێبڕینی موچە بەردەوام بێت.

د. بڕیار ره‌شید، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لە  پەرلەمانی عێراق له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: پرۆژەی (هەژماری من) كێشەی مووچە چارەسەر ناكات لەبەر ئەوەی مووچەی هاووڵاتیان پەیوەندی بە پرۆژەی هەژماری منەوە نییە، هه‌روه‌ها حکومەت وەک پێشتر دەتوانێت مووچە دوابخات و پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە بەردەوام بێت.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "حکومەت ئومێدی بەوەیە کە مووچەخۆران مووچەکانیان لەسەر هەژمارە باکییەکانیان رانەکێشن و بیهێڵنەوە و بەمەش حکومەت بتوانێت قەرز لەهەمان ئەو بانکانە وەربگرێت و بیداتەوە بە مووچە".

له‌ ماوه‌ی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری ''هەژماری من''ی راگەیاند، کە پڕۆگرامێکی گشتگیری داراییە، بە مەبەستی دابینکردنی "رێگایەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی کەرتی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە مووچەکانیان".

فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری له‌ باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه‌ بڵاویكردبوه‌وه‌، "ئامانج لە پڕۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان".

ئه‌وه‌شی وتبوو: "بەهۆی ئەم دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە(ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی. بەم کارە پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە وکارایی حکومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات".

به‌پێی فه‌رمانگه‌كه‌، "لە قۆناغی تاقیکاری ئەم دەستپێشخەرییەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی نزیکەی 850 کارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایکبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخاتە سەر هەژمارە نوێیەکانیان".


PM:07:39:31/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت