پشکی هەرێم سەرەکییترین رێگری ناردنی پرۆژەیاسای بودجەیە بۆ دەنگدان


وێستگەنیوزـ

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (الصباح)ـی عێراقیی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا پێنجشەممە 25ی ئایاری 2023، رۆژی چوارشەممە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکایەتیی دانیشتنی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کردووە و لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە گفتوگۆی ئەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بودجەیان کردووە کە ناکۆکییان لەسەرە بۆ ئەوەی بە زووترین کات لەبارەیانەوە رێککەوتن بکرێت و پرۆژە یاساکە بنێردرێتە پەرلەمان بۆ دەنگدان.

دوێنێ چوارشەممە 24ی ئایار، لیژنەی دارایی پەرلەمان درێژەی بە کۆبوونەوەکانی داوە لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بەو بڕگانەی ناکۆکییان لەسەرە، کە بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (الصباح) ئێستا سەرەکییترین بڕگەی ناکۆکی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستانە لە پرۆژەیاساکەدا.

جەمال کۆچەر، ئه‌ندامی كوردی لیژنه‌ی دارایی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە کە بەنزیکەیی رێککەوتن لەسەر زۆرینەی رەهای هەموو بڕگەکانی پرۆژەیاساکە کراوە و تەنیا پشکی هەرێم وەک یەکەم ئاستەنگی سەرەکیی ماوەتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکە دوا گفتوگۆی لەبارە بکرێت و بنێردرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ دەنگدان.

هەیسەم زەهوان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش جەختی کردوه‌تەوە کە جگە لە هەندێک بڕگەی لاوەکی، تاکە رێگری سەرەکیی بەردەم دەنگدان لەبارەی پرۆژەیاساکەوە لە لیژنەی دارایی و ناردنی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە؛ پشکی هەرێمی کوردستانە.

پەرلەمانتاری ناوبراو پێشبینی دەکات گفتوگۆکان لە دەرەوەی لیژنەکە لەنێوان کوتلە سیاسییەکان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو خاڵەشەوە بگەنە رێککەوتن و ئەگەر هەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر ئەو خاڵەش بگەنە رێککەوتن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ درەنگانی شەوی رابردوو، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "بودجە لە کۆتاییەکانیدایە، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لیژنەی دارایی هەبوو و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانیان و پەیوەندیکردنیان بەرز دەنرخێنین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکە ئامادەیە رۆژی پێنجشەممە بودجە رادەستی سه‌رۆكایه‌تی ئەنجومەنی نوێنەران بکات".

حەلبوسی دەشڵێت، "هەندێک تێبینی هەیە لە دانیشتنی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بە یاسادانانی رەشنوسەکە بەردەوام بێت".

حه‌لبووسی باسی له‌وه‌شكرد، یاساکە گرنگە و وەبەرهێنانێکی زۆری تێدایە، هەروەها  پڕۆژەی ستراتیژی کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی خزمەتگوزاری بەرنامەی حکومەت دەبێت.

به‌ وته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، "لیژنەکە هەندێک بڕگەی زیاد کرد و هەندێکی دیکەی هەموارکردەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە تێڕوانینی وڵات بە گشتی بكات، هەروەها بەشداریکردن لە بەهێزکردنی رۆڵی دامودەزگاکانی حکومەت لە ئەنجامدانی چاکسازی و حوکمڕانی لە هەندێک جومگەدا، لە رۆژی شەممەی داهاتووش دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت".


AM:09:08:25/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 2368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت