ترس لە سەرۆکوەزیران وای لە کوتلە سیاسییەکان کردووە مانۆڕی سیاسیی بە بودجەوە بکەن
محەمەد شیاع سودانی
وێستگە نیوز-
رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشهممه 23ی ئایاری 2023، راپۆرتێکی بڵاوکردوهتەوە بە ناونیشانی (ترس لە سودانی پاڵی بە کوتلەکانی پەرلەمانی عێراقەوە ناوە لەبارەی بودجەوە مانۆڕ بکەن).
لەو راپۆرتەدا، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی بودجە بریتییە لە ترسی هێزە سیاسییەکان لە محەمەد شیاع سودانی، چونکە کار و چالاکییەکان و لەشسووکی سودانی لە راییکردنی کاری هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە خێرایی وای کردووە ئەو هێزانە ترسیان لا درووست ببێت کە بەو هۆیەوە سودانی سەنگێکی سیاسیی قورستر لەوەی ئێستا هەیەتی بەدەست بهێنێت و وەک هێزێکی سیاسیی رکەبەر لە کایەی سیاسییدا جێگیر ببێت و ببێتە سەرئێشە بۆیان.
رۆژنامەکە لە سەرەتای راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت (کە پێکهاتووە لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، یەکێتیی و پارتیی و هێزە سووننییەکان) زیاد لە جارێک دوا وادەیان داناوە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان تا بیخاتە بەرنامەی دانیشتنەکانەوە و دەنگی لەسەر بدەن، هەر لەم مانگەدا جارێک 10ی مانگ و جارێکی دیكه 17ی مانگیان دەستنیشان کرد وەک دوا وادە بۆ ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە هیچکام لەو وادانەدا پرۆژەکە نەنێردرایە پەرلەمان، هێشتاش ئاسۆی ناردنی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان دیار نییە و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن پێناچێت بەو زووانەش بۆ پەسەندکردن بنێردرێتە پەرلەمان.
رۆژنامەکە پێی وایە دواخستنی پرۆژە یاسای بودجە هەر جارە و بە پاساوێک، هیچ نییە جگە لە دەستی دەستییکردن بە حکومەت و دواخستنی پرۆژە یاساکە بە ئەنقەست، چونکە وەک رۆژنامەکە هێمای پێکردووە، کوتلە سیاسییەکان کەوتوونەتە نێوان دوو فشاری گەورەوە، لەلایەک ئەو هەموو جموجوڵ و چالاکییەی سودانی کە لە ماوەی حەوت مانگی دەستبەکاربوونیدا پێی هەستاوە، وای لێ کردوون بسڵەمێنەوە لەوەی سودانی توند دەست بە دەسەڵاتەوە بگرێت و سەنگێکی سیاسیی وا درووست بکات کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سەنگ و پێگەی کوتلە سیاسییەکانیان، بەتایبەتیی کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیکە و سودانییش خۆی سەرۆکی هێزێکی سیاسییە و رەنگە ئەوەش وا بکات لەو هەڵبژاردنانەدا دەنگی ئەوان بۆ خۆی بەرێت.
فشاری دووەم کە رووبەڕووی ئەو هێزە سیاسییانە دەبێتەوە بریتییە لە ناڕەزایەتیی و جموجۆڵی خەڵک لەڕێی شەقام و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیشەوە کە فشار دەکەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پرۆژە یاسای بودجە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی دەرگای دامەزراندن و هەلی کار و بووژانەوەی ئابووریی لەڕێی خەرجکردنی بودجە وەستێنراوەکانەوە دەرگایان بەڕوودا واڵا بکات.
لەپاڵ فشاری خەڵکدا سەرۆکوەزیرانیش خۆی لەم چەند رۆژانەدا دەستی داوەتە فشارکردن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پرۆژەیاساکە بنێردرێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، لەو پێناوەشدا چەندان دیداری ئەنجام داوە کە دیارترینیان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بوون، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەڕۆن سودانی چیتر دواخستنی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە قبوڵ ناکات و دوای ئەوەی دەگاتە ئەو باوەڕەی دیدار و گفتوگۆکان سوودیان نییە رەنگە هەنگاوی دیکە بگرێتە بەر.
(الشرق الاوسط)، لە راپۆرتەکەدا نووسیویەتی کە بەپێی زانیاریی دەستاودەستکردووی ژوورە داخراوەکان، هێزە سیاسییەکان ترسیان لێ نیشتووە لەو هەموو چالاکیی و جموجۆڵانەی سودانی دەیانکات، هەموو ئەو پرۆژە و چالاکییانەی سەرۆکوەزیران دەیانکات وەک هەڕەشە بۆ سەر پێگە و سەنگی خۆیان دەبینن، هەربۆیە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاستەنگ لەبەردەم پرۆژەیاسای بودجە و کار و چالاکییەکانی دیکەی سوودانیدا درووست دەکەن و هەوڵ دەدەن گوڕ و جۆشوخرۆشەکەی خاو بکەنەوە.
بەڵام بە وتەی رۆژنامەکە، "سودانی کە زۆر باش ئاگاداری ئەو گەمە سیاسییانەیە"؛ دەستەوەستان نەوەستاوە و دەیەوێت لەڕێی پەیوەندیی راستەوخۆی بە خەڵکەو بەڕە لەژێر پێی ئەو هێزە سیاسییانە راکێشێت و بیانخاتە ژێر فشاری خەڵکەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا سودانی زوو زوو پەیوەندیی رووبەڕوو لەگەڵ هاووڵاتییان رێک دەخات و لە هەندێک بەرنامەی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیشدا بەشداری دەکات، وەک ئەوەی رۆژی دووشەممە لە بەرنامەی (الوطن والناس)ـی کەناڵی هەواڵیی (العراقیه) کردی کە بەرنامەیەکی راستەوخۆ بوو و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک تێیدا بەشداربوون و باسی پرسە و کێشە هەنووکەییەکانیان دەکرد و سودانی لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفزیۆنییەوە قسەی بۆ بەشدارانی بەرنامەکە کرد و پێداگری کرد لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکانی و بەدەمەوەچوونی کێشەکانیان".
AM:11:44:23/05/2023
ئهم بابهته 1352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت