نوێترین زانیاری له‌باره‌ی چاپكردنی دراوی‌ 20 هه‌زاری‌ دیناری عێراقی


وێستگه‌ نیوز-
بانكی ناوه‌ندی عێراق رایگه‌یاند كه‌ لە پێناو پشتیوانی کردن لە داواکارییەکانی بازاڕ و پەرەپێدان و سنووردارکردنی کردەوەکانی ساختەکاریی دراو، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ دراوی‌ 20 هه‌زار دیناری چاپ بكه‌ن (كه‌ نزیكه‌ی‌ 15 دۆلار ده‌كات.

ئیحسان یاسری راوێژكاری بانكی ناوه‌ندی عێراق له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "رێكاری‌ چاپكردنی دراوی‌ 20 هه‌زار دیناری ده‌چێته‌ بواری پرۆسه‌ نه‌ختینه‌ییه‌ سروشتییه‌كانی بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌ چوارچێوه‌ی چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ زنجیره‌ی كاغه‌زی دراوه‌ نیشتیمانییه‌كاندایه‌".

وتیشی‌: "ئه‌م چاپه‌ نوێیه‌ی دینار ده‌بێته‌ ناوه‌ندی په‌یكه‌ری دراوی دینار و زیادبوونی چاپی 5 هه‌زاری و 10 هه‌زاری".

ئیحسان یاسری باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ بڕی دراوی دیناری ئاڵوگۆڕكراو لای‌ هاوڵاتییان و بانكه‌كان له‌نێوان 83-84 ترلیۆن دیناری‌ عێراقی‌ دایه‌ و هه‌وڵدان بۆ  دروستكردنی‌ دراوی‌ 20 هه‌زار دیناری نابێته‌ هۆی زیادبوونی ئه‌و بڕه‌، چونكه‌ ده‌چێته‌وه‌ سیسته‌می نه‌ختینه‌یی ئێستا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، چاپكردنی 20 هه‌زار دیناری نابێته‌ هۆی نزمبوونه‌وه‌ی به‌های دینار و كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر ئاست و قه‌باره‌ی هه‌ڵئاوسان له‌ بازاڕه‌كان، چونكه‌ هه‌ڵئاوسان په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌تی ئابورییه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك به‌ سوڕی نه‌ختینه‌یی.

ئیحسان یاسری‌ راشیگه‌یاند كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌نارده‌ و گه‌نجینه‌ی سه‌ر به‌ بانكی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ورد له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری چاپكردنی 20 هه‌زار دیناری ده‌كات و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا له‌ نێو ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ داراییه‌ی كه‌ بازاری دارایی عێراقی پێیدا ده‌ڕوات.

لای‌ خۆیه‌وه‌ عومه‌ر ئه‌لحه‌لبوسی‌ توێژه‌ری‌ ئابووری‌ هۆشداری‌ دا له‌و كاریگه‌رییه‌ خراپانه‌ی‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ رووبه‌ڕووی‌ به‌های‌ دیناری‌ عێراقی‌ بێته‌وه‌ گه‌ر بانكی‌ ناوه‌ندی‌ دراوی 20 هه‌زار دیناری‌ ده‌ربكات.

حه‌لبوسی‌ بۆ ماڵپه‌ڕی‌ (ئه‌لعه‌ره‌بی‌ ئه‌لجه‌دید) وتی‌: "عێراق پێویستی‌ به‌ چاپكردنی‌ دراوی‌ زیاتر نییه‌، به‌ڵكو پێویستی‌ به‌ دانانی‌ سیاسه‌تێكی‌ نه‌ختینه‌یی هه‌یه‌ تا هاوكاربێت له‌ به‌دیهێنانی‌ سه‌قامگیری‌ به‌های‌ دینار".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ هه‌نگاوی‌ چاپكردنی‌ دراوی‌ نوێ ره‌نگه‌ زیانی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌بێت و هۆكار بێت بۆ نزمبوونه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دینار و زیادبوونی‌ هه‌ڵاوسان له‌ نرخه‌كان ئه‌مه‌ش ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ هاوڵاتیان قورستر ده‌كات.

دوای‌ ساڵی‌ 2003 و رووخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن، گۆڕانكاری‌ له‌ سیسامی‌ دارایی عێراق كرا به‌جۆرێك چه‌ندین جۆری‌ دراوی‌ نوێ چاپكران وه‌ك (250، 500، 1000، 5000، 10000، 25000) دیناری‌ له‌ 2011شدا دراوی‌ 50 هه‌زار دیناری‌ چاپ كرا و دراوه‌ كۆنه‌كان كۆكرانه‌وه‌.


PM:12:23:07/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 17600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو