سبه‌ینێ‌ بڕیاره‌ نوێكه‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌خرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز-

بڕیاره‌ له‌ سبه‌ینێوه‌ كاركردن به‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق بۆ فرۆشتنی‌ دۆلار به‌ گه‌شتیاران بخرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوو‌ بانكی ناوه‌ندی عێراق قۆناغی سێیه‌می رێكاره‌كانی بۆ ئاسان به‌ده‌ستهێنانی دۆلار به‌ نرخی فه‌رمی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌رۆژی یه‌كشه‌ممه 2023/3/19 پێدانی پاره‌ به‌شێوه‌ی نه‌قدی به‌ گه‌شتیاران له‌ حه‌وت هه‌زار دۆلاره‌وه‌ بۆ 2 هه‌زار دۆلار كه‌مده‌كرێته‌وه‌".

لای‌ خۆیه‌وه‌ نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی بانكی رافیده‌ین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر فرۆشتنی دۆلار به‌ گه‌شتیاران تاوه‌كو دو هه‌زار دۆلار كه‌ له‌ سبه‌ینێ‌ یه‌كشه‌ممه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كانی بانكی ناوه‌ندیی عێراق ده‌ستپێده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و لقانه‌ی كه‌ فرۆشتنی دۆلاری ده‌یگرێته‌وه‌ له‌ به‌غدا و پێكهاتون ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی شه‌قامی فه‌ڵه‌ستین، گۆڕه‌پانی فیردوس، المشتل، المحیت، الرفیعی، المعریفه‌، گه‌ڕه‌كی ئه‌لعه‌ره‌بی، باب ئه‌لموعه‌زه‌م، قودس - ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌لخه‌دره‌ - قه‌زای ئه‌لعامل، ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

له‌مانگی 11ی ساڵی رابردوه‌وه‌ به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ بانكی ناوه‌ندی چه‌ند رێكارێكی گرتوه‌ته‌ به‌ر و به‌های دۆلاری له‌ 146 هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ 132 هه‌زار دینار له‌ بانكه‌كه‌ دابه‌زاند، به‌ڵام هێشتا له‌ بازاڕه‌كانی عێراق دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار به‌ به‌رزی ماوه‌ته‌وه‌ و 100 دۆلار به‌ 157 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.


AM:09:35:18/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 12256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت